
پەیامی یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی نەورۆزی خاکیپۆشان
یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی نەورۆزی خاکیپۆشان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پەیام پشتیوانی لە نەورۆزی خاکیپۆشان!
خەڵکی مافویستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
مامۆستایان، خوێندکاران و قوتابییانی ئازیز!
نەورۆز وەک هێما و بۆنەیەکی گەورەی نەتەوەیی بۆتە دەرفەتێک بۆ نیشاندان و سەلماندنی ناسنامە و کولتوور و خۆشەویستیی نیشتمان.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابییان بەشدارییەکی گرینگیان لە تێکۆشانی فەرهەنگی و سیاسی و نەتەوەییدا، بەتایبەت لە بەرێوەچوون و ئامادەکاری ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا گێڕاوە.
یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران پشتیوانی لەم بانگەوازەی ناوەندی فەرهەنگی رێورەسمەکانی نەورۆزی خاکیپۆشان دەکا و داوا لە مامۆستایانی نیشتمانپەروەر و مافویستیی دەکا ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو بە لیباسی خاکی و جامانە و هەوری و گوڵی سوور بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەتەوەیی نەورۆزدا بکەن.
یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی