کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جرۆزالم پۆست: تەنیا لەنێوبردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەس نییە، ڕێژیم دەبێت بڕووخێت

19:27 - 13 رەشەمه 2724

ڕۆژنامەی جرۆزالم پۆستی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا نووسیویەتی: "حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە شوێن سەپاندنی دەستوورەکانی ئیسلام بە سەر هەموو جیهاندایە و تەنیا لەنێوبردنی بنکە ئەتۆمییەکانی، بەس نییە".
جرۆزالم پۆست لە ڕاپۆرتە نوێکەیدا بە ئاماژەدان بە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی هێناویەتی کە "ئەگەرچی لاوازبوونی هێزە میلیشیاکانی سەر بە تاران هۆی ئارامی و ئاسایش بۆ هەمووان، بەتایبەتی خەڵکی ئیسرائیلە، بەڵام هێشتا کۆماری ئیسلامی جێگای مەترسییە چونکە بەپێی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی، ڕێژیمی تاران بە شوێن سەپاندنی دەستوورەکانی ئیسلام بە سەر هەموو جیهاندایە و ئەم بابەتەشی خستووەتە ئەستۆی هێزە چەکدارەکانی ژێر فەرمانی خۆی".
ڕاپۆرتەکە درێژی دەکاتەوە کە لەنێوبردنی بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کۆتایی بابەتەکە نییە و ڕۆژاوا دەبێت دەسەڵاتی حاکم لە ئێران بڕووخینێت.
ئەم ڕۆژنامە جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە، تەنانەت لەنێوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیش ناتوانیت ئامانجەکانی ئەم ڕێژیمە کە لە یاسا بنەڕەتییەکەیدا هێناویەتی و هەڕەشە بۆ سەر مرۆڤایەتییە، گۆڕانی بە سەردا بهێنێت.
ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە حاکمییەتی کەمینەیەکی توندئاژۆ واتا ئاخوندەکان بە سەر ئێراندا ڕایگەیاندووە، تاکوو ئەم ڕێژیمە زاڵمە نەڕووخێت و شوێنی خۆی نەدات بە حاکمییەتی زۆرینەی خەڵک کە دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و ئازادە، هەڕەشەکانی لە نێو ناچێت.
ئەم ڕۆژنامە ئیسرائیلیە ڕێگریکردن لە دەسپێڕاگەیشتنی ئاخوندەکانی تاران بە چەکی ئەتۆمی و پاشان ڕووخانی ڕێژیمەکەیان بە بابەتێکی سەرەکی و بەپەلە دەزانێت و پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە ئەم دوو ئامانجە هەم بۆ خەڵکی ئێران و هەم خەڵکی هەموو جیهان، گونجاوە و دەکرێت بێتە ئاراوە.