
پەیامی "ناوەندی منداڵپارێزیی نێرگز" لەمەڕ پشتیوانی لە داواکارییەکەی "شۆرای فەرهەنگیی بۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان":
خەڵکی پێشەنگ و نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
منداڵە چاوگەشەکانی دڵ پڕ لە هیوای نیشتمان!
نەورۆز جێژنی نوێبوونەوەی ژیان و سروشت و لەخەوهەستانەوە و بەرخودان نزیک بۆتەوە و ڕۆڵەکانی نیشتمان خۆیان بۆ جێژنێکی گەورەی ئەم نوێبوونەوەی سروشت و لە هەمانکاتدا نوێکردنەوەی پەیمانی بەرخۆدان ئامادە دەکەن.
بێگومان ڕێورەسمە نەورۆزییەکان دەرفەتێکی باشن بۆ ئەوەی کە منداڵە چاوگەشەکانمان -هەرچەند بۆ ماوەیەکی کورتیش بێ- وێرای دایک و باوك و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکانیان بە جلی خاکی و هەوری و جامانە و ئاڵای سێ ڕەنگی کوردستانەوە، خەم و خەفەتی ژیان لە ژێردەستی لە دڵ بڕەوێننەوە و بە نیشانەی هیوا بە دواڕۆژێکی ئازاد و زاڵبوون بە سەر زوڵم و بێدادیدا، لە کانگای دڵەوە سروودی ئازادی و سەربەستی بڵێنەوە. نەورۆزی کوردەواری دڵخۆشیی بێسنوور و گەشانەوە و هیوای تێدایە. پەیام و هێمای تایبەتیی خۆی هەیە و منداڵە چاوگەشەکانیشمان لەگەڵ ئەم تابڵۆ جوان و خاکییەی نەورۆزی کوردستان بیچم دەگرن و گەشە دەکەن و لە داهاتوودا دەبن بە هێمای بەردەوامیی ئەم ڕێورەسمانەی باو و باپیرانیان. هەر لەم چوارچێوەیەدا "شۆرای فەرهەنگیی بۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" ڕۆژی ١ی ڕەشەمە بانگەوازێکی بڵاو کردووەتەوە و داوای لە هەموو خەڵکی وڵاتپارێزی نیشتمانەکەمان کردووە کە لە نەورۆزی ئەمساڵدا بە جامانە و هەوری و جلوبەرگی خاکی بەشداری ڕێورەسمە نەورۆزییەکان بن.
بێگومان نەورۆزی ئەمساڵ لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێ کە لە لایەک ڕێژیمی زاڵ بە سەر وڵاتەکەماندا لەوپەڕی لاوازیدایە و پەلەقاژەی مەرگییەتی و لە لایەکی دیکەشەوە بۆ خۆدەربازکردن لەو هەموو قەیرانە نێوخۆیی و نێونەتەوەییەی کە تێی کەوتووە، بە ڕواڵەت و لە ڕاگەیەنەگشتییەکانی خۆیدا خۆی بەهێز نیشان دەدات. هەروەها بە درێژەدان بە سیاسەتی زەخت و گوشار و دەستبەسەرکردنی لاوەکانمان بە تایبەتی لە بەرەبەری نەورۆزی خاکیپۆشاندا دەیهەوێ پێش بە ڕێورەسمە نەورۆزییەکان بگرێ، یانیش لانیکەم بۆ تێکدانی ئەو ڕێورەسمانە کەسانی سیخۆر و نفوزی بخزێنێتەوە نێو بەڕێوەبەرانی ئەم ڕێورەسمانە.
لەم پێوەندییەدا "ناوەندی منداڵپارێزیی نێرگز"یش وێرای پشتیوانی لەم داواکارییەی شۆرای فەرهەنگی، دڵنیایە کە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، کە نەورۆز وەک هیمای ئاشتی و بەرخۆدان و سەرکەوتن بە سەر زوڵم و بێدادیدا دەبینن، ئەمساڵ پەیامێکی بوێرانە و لە هەمان کاتیشدا ڕوونتر لە ساڵانی ڕابردوویان پێیە و بە لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی و لەملکردنی جامانە و هەوری پەیامە ڕوونەکەیان بە دۆست و دوژمن ڕادەگەیەنن.
ناوەندی منداڵپارێزی نێرگز
١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی