کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزمبوونی کوالێتیی نان لە پارێزگای سنە؛ کێشەی جیددی و بەردەوامی خەڵک

10:15 - 14 رەشەمه 2724

نزمبوونی کوالێتیی نان لە پارێزگای سنە بووەتە کێشەیەکی جیددی بۆ خەڵک و ڕیزی دوورودرێژی خەڵک لە بەردەم نانەواییەکان، نانێک کە پاش چەند کاتژمێر کواڵێتیی خۆی لەدەست دەدات و ناڕەزایەتیی بەربڵاوی هاووڵاتییان، شاهێدی دۆخی قەیراناویی نان لەم پارێزگایەن.

بەرپرسی گشتیی تەعزیراتی حکوومەت لە سنە هۆکاری ئەم کێشەی بە نزمبوونی کوالێتیی ئارد، کەمکاریی نانەواکان و نەبوونی چاوەدێریی پێویست ناو برد بەڵام وادیارە کە نابەرپرسایەتی لەم بوارەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێ.

بە وتەی هاووڵاتییان، نانی بەرهەمهێنراو لە زۆربەی نانەواییەکانی پاریزگای سنەدا نە تەنیا لە بواری کوالێتییەوە ئاستی نزمە، بەڵکوو تەنانەت بۆ چەند کاتژمێر پاش کڕینیش بەکەڵک نایەت و ئەم کێشە بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی بنەماڵەکان ناچار بن سەرلەنوێ نان بکڕنەوە کە ئەمە خۆی گوشاری ئابووریی چەند قات دەخاتە سەریان.

نانەواکانی سنە بە ئاماژە بە نەبوونی کوالێتیی نان بە هۆی نەبوونی کوالێتیی ئاردەوە ڕایانگەیاند کە هۆکاری سەرەکیی ئم کێشەیە، ئاردێکە کە ڕادەستی ئەوان دەکرێت.

ئەم نانەوایانە ڕایانگەیاند کە ئێمە ناچارین ئەم ئاردە لەگەڵ ئاردی دیکە تێکەڵ بکەین کە ئەمە خۆی تێچوووەکە دەباتە سەرەوە و لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر ئاردی ئازاد بەکار بێنین، سزای قورس دەدرێین.

مووسا ئارتەن، بەرپرسی گشتیی دانەوێڵەی سنەش هۆکاری لە خوارەوەبوونی کوالێتیی نان لەم پارێزگایەی "نزمبوونی کوالێتیی ئارد" ڕاگەیاندووە.

ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە نیشانی دەدەن کە شارەکانی بانە و مەریوان دوو شارن کە نانەکەیان کەمترین کوالێتیی لە پارێزگای سنەدا هەیە.