
لە دوای هاتنی ڕنوو لە بەرزاییەکانی شاخی "کەڵەکەجاڕ"ی بانە، شەش شاخەوان کە دوو کەسیان ژن بوون، گیانیان لەدەست دا.
ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕەشەمە، تیمێک لە شاخەوانان پێکهاتوو لە ئەندامانی گرووپەکانی "پاژین" و "سوورکێو"ی بانە کە بە مەبەستی شاخەوانی چووبوونەوە شاخەکانی "کەڵەکەجاڕ" لە شاخەکانی حەوتاشی ئەم شارە، گیرۆدەی ڕنوو بوون و بەم هۆیەوە شەش شاخەوان گیانی خۆیان لەدەست دا.
پاش ئەم ڕووداوە، تیمە خۆبەخشەکان و گرووپەکانی فریاکەوتن بە مەبەستی دۆزینەوەی تەرمەکان و ڕزگارکردنی شاخەوانانی ونبوو، لە ئاکامدا توانییان تەرمی دوو کەس لەم شاخەوانانە بدۆزنەوە و بە هۆی سەرما و تاریکبوونی کەشوهەوا، پرۆسەی گەڕانیان خستە ڕۆژی دواتر.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەشەمەش پڕۆسەی گەڕان بۆ دۆزینەوەی شاخەوانان دەستی پێ کرد و دوای یەک کاتژمێر تەرمی چوار شاخەوانی دیکەش لەلایەن تیمە خۆبەخشانە خەڵکییەکانەوە دۆزرایەوە.
لەم ڕووداوەدا بەداخەوە شەش شاخەوانی کورد بە ناوەکانی "شەهلا ڕەحمانی"، "ڕووناک دانشمەند"، "عومەر عەبدوڵڵاهی"، "کاروان ئەحمەدپوور"، "خالق محەممەدنژاد" و "یاسا سادقی" گیانیان لەدەست دا.