
دوابەدوای زۆربوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان و گەشەی بەرچاوی هەژاری، دیاردەی فرۆشتنی ئەندامانی لەش لە ئێران گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار.
ئەندامی کۆمیسیۆنی بێهداشت و دەرمانی مەجلیسی ڕێژیم باسی لە پەرەسەندنی فرۆشی گورچیلە و باقی ئەندامانی لەشی مرۆڤ لە بازاڕی ڕەش بە هۆی زۆربوونەوەی هەژاری و کێشەی ئابووری کردووە.
محەممەد جەماڵیان لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە فرۆشتنی ئەندامانی لەش لە ئێران بووەتە کێشيیەکی جیددی و بەرزبوونەوەی داواکاری بۆ پێوەندکردنی ئەندامان و کەمبوونەوەی ڕێژەی پێشکەشکارانی ئەندامانی لەش بە هۆی کێشەی ئابووری، بووەتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی بازاڕی ڕەش بۆ ئەندامانی لەش.
ئەم نوێنەرەی مەجلیس ڕایگەیاند کە بەربڵاوبوونەوەی ئەم دیاردە کێشەی زۆری بۆ سیستەمی بێهداشت و دەرمان دروست کردووە.
بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان و نرخەکان لە ساڵەکانی ڕابردوودا، مەیل بۆ فرۆشتنی ئەندامانی لەش، بەتایبەت گورچیلەی لە نێو خەڵکدا زۆر کردووەتەوە و لە ئێستادا یەک گورچیلە لە نێوان ٤٠٠ تا ٥٠٠ میلیۆن و جارجاریش هەتا یەک میلیارد تمەن لە بازاڕی ڕەشدا دەفرۆشرێت.
بەرزبوونەوەی فرۆشی گورچیلە لە ئێران لەکاتێکدایە کە لە درێژخایەندا، ئاسەواری وەک ئێش و ئازار، ئیلتیهاب و خەستیی خوێن و ... بەدواوە دەبێت.
بەرزبوونەوە ڕێژەی هەژاری و قەیرانی ئابووری لە ئێران، توێژی کەمداهاتی کۆمەڵگە و لاوانی ناچار کردووە کە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم دۆخە نالەبارە، ئەندامانی لەشی خۆیان بفرۆشن و ئەم دیاردەیە بووەتە ڕێگایەک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان.