
ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕەشەمە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە کۆبوونەوەی شۆڕای بڕیاردان سەبارەت بە زیادبوونی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە هۆشداری دا.
ڕافائێل گرووسی لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠٪ بۆ ٢٧٥ کیلۆگرەم زیاد کردووە.
بە وتەی گرووسی، ئەم بڕە لە سێ مانگی ڕابردوودا لە ١٨٢ کیلۆگرەمەوە زیادی کردووە و نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لە ئەگەری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران چڕتر بووەتەوە.
ئەم ڕێژە ئۆرانیۆمە پیتێنراوی ٦٠٪ دەتوانێت بە خێرایی بگاتە ئاستی پیتێنراوی ٩٠٪ی کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکار دەهێنرێت.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئێستا ڕێژیمی ئێران خاوەنی ئەوەندەی ئۆرانیۆمی پیتێنراوە کە بتوانێت شەش بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت.
ڕێژیمی ئێران لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی بە ڕێژەی ٦٠٪ خێراتر کردووە، هەروەها هەموو مانگێک توانای پیتاندنی ئۆرانیۆمی پێویستی هەیە بۆ بۆمبێکی نوێ.
ئەم ڕێژەیە جگە لەو ئۆرانیۆمە ٢٠٪ و ئاستی خوارترە کە لەبەر دەستی ئێراندایە.
هەروەها گرووسی زیادی کرد ئێران تاکە وڵاتی غەیرە ئەتۆمییە کە تا ئەم ڕادەیە ئۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە و ئەمەش جێگای نیگەرانیی جیدییە بۆ من.
لە لایەکی دیکەوە هۆشداری دا لەوەی کە چوار ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ئێران بە پێی یاسای بەرجام، و نیگەرانم لەوەی کە کێشەکانی بە چارەسەرنەکراوی بمێننەوە.
بە وتەی گرووسی، پێویستە ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی بتوانێت پشتڕاستی بکاتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاشتیخوازانەیە.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هاوکار نەبوونی ئێران لەگەڵ پشکێنەرانی ئاژانسەکە دەربڕی و وتی تاران دانانی چوار پشکێنەری نوێ و بە ئەزموونی دیکەشی قبووڵ نەکردووە.
لە لایەکی دیکەوە گرووسی کە چوار مانگ لەمەوبەر سەردانی تارانی کردبوو، هیوای دەربڕی کە بەم زووانە جارێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیم کۆ ببێتەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا بەدی نەهاتووە.