
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانبە مەبەستی پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی "نەورۆزی خاکیپۆشان" پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
قوتابییان و خوێندکارانی نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
مامۆستایان، نووسەران و ڕووناکبیرانی شوناسخوازی کوردستان!
هەروەک دەزانن نەورۆز وەکوو بۆنەیەکی کۆنی کوردی و یەکێک لە ڕێوڕەسمە پیرۆزەکانی کورد، چەند ساڵێکە وەکوو نەریتێکی شوناسخوازانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا واتایەکی دیکەی وە خۆ گرتووە و لە حاڵەتی بۆنەیەکی کۆن دەرچووە و بووەتە دەرفەتێک بۆ شوناسخوازی و مافخوازیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەگەرچی نەورۆز هەر لە کۆنەوە جیا لەوەی کە پێوەندیی بە نوێبوونەوە و زیندووبوونەوەی سروشت و ئاڵوگۆڕی کەشوهەواوە هەیە هێمای بەرخۆدانیش بووە، بەڵام چەند ساڵێکە کە هەستی شوناسخوازی و سەروەریخوازیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و ئەم ڕێوڕەسمەش بووەتە دەرفەتێک بۆ دەربڕینی هەستی نەتەوەیی تاکە هوشیارەکانی کوردستان و وەکوو هێڵێکی جیاکەرەوە لە نێوان کورد و ئەوی تری کوردەوە دێتە بەرچاو.
نەورۆزی ئەمساڵ لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە هێشتا ئەو ڕاپەڕینە نەکوژاوەتەوە، جیا لە بۆنەیەکی مێژوویی، هاوکاتە لەگەڵ گوشارە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر گەنجان و بە بیانووی لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی و لەملکردنی جامانە کە هێمای بەرخۆدانی ڕۆڵە خۆنەویستەکانی کوردە، کۆمەڵێک گەنج و لاوی کورد دەستبەسەر دەکات، هەر بەم بۆنەوە خەڵکی کوردستان لە شارە جۆراجۆرەکاندا و لە گۆڤەندەکاندا بە لەبەرکردنی جلی خاکی و لەملکردنی جامانە و هەوری وڵامێکی گونجاویان بە سەرەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە داوەتەوە. ئەم وڵامە زیاتر ڕێژیمی تووڕە کردووە و ئەگەر لە دەستی بێت پێش بە بەڕێوەچوونی نەورۆزی ئەمساڵ بگرێت و بە لێکدانەوەی خۆی بە گوشارهێنان و دەسبەسەرکردنی گەنجان و هونەرمەندان ترس بخاتە دڵی خەڵکی کوردەوە کە ئەم نەورۆزە بەو هێما شوناسخوازییەوە بەڕێوە نەچێت.
لەم پێوەندییەدا بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان و چالاکانی مەدەنیی کوردستان و بە دیاریکراوی "شۆرای فەرهەنگیی بۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان"، ڕۆژی ١ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی، بانگەوازێکیان ڕوو بە خەڵک و کەسایەتییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و هەروەها ڕێکخراوەکان بڵاو کردووەتەوە کە پشتیوانیی خۆیان لە بەڕێوەچوونی نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی کە بە "نەورۆزی خاکیپۆشان" ناودێر کراوە، دەرببڕن. هەر بەم بۆنەوە یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندیی لەگەڵ بەڕێوەچوونی "نەورۆزی خاکیپۆشان" داوا لە سەرجەم قوتابییان، خوێندکاران، مامۆستایان، نووسەران و ڕووناکبیران دەکات کە بە هانای ئەم بانگەوازەوە بڕۆن و بە لەبەرکردنی جلی خاکی و لەملکردنی جامانە و هەوری کە هێمای کوردایەتی و بەرگریکردن لە شوناسی نەتەوەییە، نەورۆزی ئەمساڵ بکەن بە کەرنەڤاڵێکی شوناسخوازی و گەرموگۆڕتر لە ساڵان ئەم بۆنە کوردییە بەڕێوە ببەن.
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی