
دەوڵەتی ئەمریکا جارێکی دیکە گرووپی حوسییەکانی خستە لیستی "گرووپە تێرۆریستییە بیانییەکانەوە، ئەم گرووپە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرین.
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەمە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا یەکێک لە یەکەم بەڵێنەکانی سەرۆککۆمار دۆناڵد ترامپی دوای دەسبەکاربوونی لە کۆشکی سپی جێبەجێ کرد.
دەوڵەتی جۆ بایدێن چوار ساڵ لەمەوبەر بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی یەمەن، حوسییەکانی لە لیستی تێرۆریستی ئەمریکا هێنابوو دەرەوە.
لە بەیاننامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا ئاماژە بەوە کراوە، وەک ترامپ لە فەرمانی جێبەجێکردندا ئاماژەی پێکردووە، "چالاکییەکانی حوسییەکان مەترسی لەسەر ئەمنییەتی هاوڵاتییانی مەدەنی و پیرسۆنیلی ئەمریکایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات و هەڕەشە لە ئەمنییەتی نزیکترین شەریکە ناوچەییەکانمان و سەقامگیریی بازرگانی دەریایی جیهانی دەکەن.
ئەم گرووپە میلیشیایە لە یەمەن زیاتر لە ١٠٠ جار لە گەرووی بابولمەندەب هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و دوو کەشتیشی نوقم کردووە.
ئەو گرووپە ئیدعای ئەوەی دەکرد کە ئەوان بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی فەلەستینییەکان لە شەڕی غەززە کەشتییەکانیان کردووەتە ئامانج کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، بەڵام زۆرێک لەو کەشتییانەی هێرشیان کردووەتە سەر هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسرائیلەوە نەبووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەمریکا تەحەمول ناکات هیچ وڵاتێک بە بیانووی بەڕێوەبردنی بازرگانی ڕەوای نێودەوڵەتی لەگەڵ ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی وەک حوسییەکان پەیوەندی بکات.
هەروەها لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا خەڵاتی ١٥ میلیۆن دۆلاری بۆ پێدانی زانیاری کە دەبێتە هۆی پەکخستنی مێکانیزمە داراییەکانی حوسییەکان، لەبەرچاو گیراوە.