
بەپێی ڕاپۆرتی میرر، دێن جارویس وەزیری ئەمنییەتی بریتانیا، ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی بریتانیا، ڕایگەیاند کە حکوومەتی ئەم وڵاتە یاسای نوێی توندی بۆ سزادانی ئەو تاوانبارانە دەرکردووە کە فەرمانەکانی کۆماری ئیسلامی لە خاکی بریتانیادا جێبەجێ دەکەن.
لەم کۆبوونەوەدا ژمارەیەک لە پارلەمانتارانی بریتانیا سەبارەت بە پەرەسەندنی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە هۆشدارییان دا .
وەزیری ئەمنییەتی بریتانیا لە وتەکانیدا ڕایگەیاند کە حکوومەتی بریتانیا تاوتوێی ڕێگاکانی جێبەجێکردنی یاساکانی دژەتێرۆر لە دژی تەواوی حکوومەتی ئێران دەکات، بە جۆرێک کە بتوانن حکوومەتی ئێران و ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی وەک گرووپی تێرۆریستی سزا بدەن.
هەروەها بە وتەی ئەو بەرپرسە بریتانیاییە، سەرجەم هێزەکانی پۆلیسی بریتانیا بۆ بەرپەرچدانەوەی پلانی حکوومەتە دوژمنکارەکان ڕاهێنانی تایبەتیان پێ دەدرێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاند: ڕێژیمی ئێران تا دێت بوێرتر دەبێت و بە شێوەیەکی شەڕەنگێزانە ئامانجەکانی لەسەر خاکی بریتانیا بەرەوپێش دەبات و هەوڵی تێکدانی ئەمنییەتی وڵاتی ئێمە دەدات، و ئەم ڕەوتە شەڕەنگێزانەیە لەگەڵ زیادبوونی بەرچاوی کردەوە ڕاستەوخۆکانی ئێران دژی ئامانجەکانی بریتانیا لە ساڵانی ڕابردوودا دیارە.
هەرووها ئەم بەرپرسە ئەمنییەتییەی بریتانیا، بە ئاماژەدان بە ژمارەی پیلانەکانی تێرۆرکردنی کۆماری ئیسلامی کە خاکی بریتانیا کە پووچەڵ کراونەتەوە، وتی، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ژمارەی لێکۆڵینەوەکانی پێوەندیدار بە هەڕەشەکردن کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی بەریتانیا MI5 ئەنجام دراوە، بە ڕێژەی ٤٨٪ زیادی کردووە.
جارویس جەختی کردەوە کە ئەم پیلانانە بەشێک لە ستراتیژیەکی ئاگاهانەی ڕێژیمی ئێرانن بۆ سەرکوتکردنی ڕەخنەگران و ناڕازییەکان لە ڕێگەی کەڵکوەرگرتن لە ترس و تۆقاندن.
وەزیری ئەمنییەتی بریتانیا ڕایگەیاند کە ئێران، جوولەکەکان، ئیسرائیلییەکان و ئەو میدیا فارسییانەی کە لە بریتانیا کار دەکەن و ڕەخنە لە کۆماری ئیسلامی دەگرن دەکاتە ئامانج.
دەزگای سزای نیشتمانیی بریتانیا چاودێری ئەو کەسانە دەکات کە گومانیان لێدەکرێت لەگەڵ سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کار بکەن، لەوانە ئەوانەی کە لە بریتانیا پارە بۆ ئەو ڕێژیمە سپی دەکەنەوە.
هەروەها وەزیری ئەمنییەتی بریتانیا بە ئاماژەدان بەوەی کە ٢٠ پیلانی کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتنی هاووڵاتییان یان دانیشتووانی بریتانیا لە ماوەی سێ ساڵدا، لە ساڵی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٥ پووچەڵ کراونەتەوە، هەر بۆیە زنجیرەیەک ڕێوشوێنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەرەسەندنی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندووە.