کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی ئیسرائیل لە مەحکوومنەکردنی هەوڵەکانی حەماس لە دانیشتنی ڕێبەرانی عەرەب

11:55 - 15 رەشەمه 2724

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وێڕای ڕەخنەگرتن لە بەیاننامەی ڕێبەرانی عەرەب لە دانیشتنی  قاهیرە، بەرامبەر بە شەرمەزارنەکردنی کردەوەکانی گرووپی حەماس و باسنەکردنی هێرشە تێرۆریستییەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ناڕەزایەتی دەربڕی.

لە کۆتایی ئەم دانیشتنەدا کە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەمە بەڕێوە چوو، ڕێبەرانی وڵاتانی عەرەبی، لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە وڵاتانی بەرپرسی ناوچەکە کرد کە لە ناکۆکییەکانی ڕابردوو دوور بکەونەوە و بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی سەقامگیر و ئەمن لە ناوچەکەدا هاوکاری بکەن.

کۆبوونەوەی ڕێبەرانی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە بە ئامانجی خستنەڕووی پلانێکی جێگرەوە بۆ پێشنیاری دۆناڵد ترامپ، بەڕێوە چوو.

دۆناڵد ترامپ، لەم دواییانەدا پێشنیاری کرد کە خەڵکی غەززە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی وەک میسر و ئۆردۆن و ئەم کەرتە بە هاوکاری و تەرحی ئەمریکا دروست بکرێتەوە.

ڕێبەرانی وڵاتانی عەرەبی ڕۆژی سێشەممە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە پشتیوانییان لە پلانی پێشنیارکراوی قاهیرە کرد کە ڕێگە بە نزیکەی دوو میلیۆن فەلەستینیی دانیشتووی ناوچەکە دەدات لە خاکی خۆیاندا بمێننەوە.

بەپێی ئەو پلانە کە لەلایەن وڵاتانی عەرەبیەوە پاڵپشتی دەکرێت، پێویستە حەماس ئیدارەی غەززە ڕادەستی حکوومەتێکی کاتی بکات کە لە کەسایەتییە سیاسییە سەربەخۆکان پێک هاتبێت تا ئەو کاتەی تەشکیلاتی خۆبەڕێوەبەریی فەلەستین کۆنتڕۆڵی ناوچەکە دەکات.

شەڕی غەززە کە لە ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٣ بە دوای هێرشە تێرۆریستییەکانی حەماس کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دەستی پێکرد، بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس.