کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی سێ کەس لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی شارەداریی تیکاب

12:24 - 15 رەشەمه 2724

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەمە، ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکارانی شارەداریی تیکاب لە پێوەندی لەگەڵ دواکەوتنی مووچەکانیان، لە بەردەم ئەم ناوەندەی ڕێژیم لەم شارە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی زانیارییەکان ژمارەی ئەم کرێکارانە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ کەس بووە و بە شێوەیەکی مەدەنیانە کۆ بوونەتەوە و داوای مافەکانی خۆیان کردووە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە یەکێک لە ئەندامانی شۆرای شاری تیکاب پێوەندیی لەگەڵ هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم گرتووە تاکوو پێش بە ناريزایەتیی ئەم کرێکارانە بگرن.

لە درێژەی ئەم ناڕەزایەتیدەربڕینەدا، هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم، تەقەیان لە خەڵک کردووە و لەم ڕووداوەدا سێ کەس بریندار کراون کە ئێستا لە نەخۆشخانەی تیکابن.

بە وتەی سەندیکای کرێکارانی ئازاد، ئەم کرێکارانە لە ساڵی ٩٨ەوە هیچ سەنەواتێکیان وەرنەگرتووە.