
کۆمیتەی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان لە وڵامی نامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان ئاگربەستی ڕاگەیاند و جەختی کردووەتە، تا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەریان هیچ چالاکییەکی چەکداری ئەنجام نادەن.
پاش بانگەوازی ئاشتیخوازانەی عەبدوڵڵا ئۆجالان، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، کۆمیتەی جێبەجێکاری پەکەکە ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەشەمە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوەو و ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردن و پێبەندبوون بە بانگەوازەکەی ئۆجالان دەربڕی.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکەدا هاتووە کە "ئێمە وەک پەکەکە ڕاستەوخۆ بەشداری نێوەڕۆکی بانگەوازی باسکراو دەبین و ڕایدەگەیەنین کە ئێمە بەپێی پێداویستییەکانی بانگەوازەکە هەڵسوکەوت دەکەین و جێبەجێیان دەکەین، بەڵام بۆ سەرکەوتن پێویستە مەرج و پێداویستییەکانی سیاسەتی دێموکراسی و زەمینەی یاسایی دابین بکرێت".
ڕاگەیەندراوەکە زیادی دەکات کە پەکەکە لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنێت بە مەرجێک کە هێرش نەکرێتە سەری و هەروەها ئاماژە بەوە ئەدات کە جێبەجێکردنی بابەتی چەکدانان، تەنیا بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی عەبدوڵڵا ئۆجالان دەکرێت.
کۆمیتەی جێبەجێکاری پەکەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە بۆ سەرکەوتنی ئەو کۆنگرەی کە عەبدوڵڵا ئۆجالان باسی لێ کردووە، پێویستە کە خۆی پێشەنگایەتیی کۆنگرەکە بکات و بەڕێوەی ببات.
پەکەکە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی باسی لەوە کردووە کە ئەم بانگەوازە کۆتایی نییە و بەڵکوو دەسپێکێکی نوێیە بۆ ئەو شتانەی کە دەبوو لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا کرابان و ئیستا پێویستە جێبەجێ بکرێن و لە کۆتاییشدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم بانگەوازە ئاشتیخوازانە و دێموکراتیکە هەنگاوێکی نوێ دەنێت و پرۆسەیەکی نوێی خەبات دەست پێدەکات.