
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر حەوت بەرپرسی باڵای حوسییەکاندا سەپاند کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانیان لێ دەکرێت.
نووسینگەی کۆنترۆڵی دارییە دەرەکییەکانی سەر بە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەشەمە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم کەسانە لە قاچاخی کەرەستەی سەربازی و سیستمی چەکوچۆڵ بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە یەمەن، هەروەها لە وتووێژەکان بۆ دابینکردنی چەک لە ڕووسیەوە بۆ ئەم گرووپە ڕۆڵیان هەبووە.
ئێسکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لەمبارەیەوە وتی: ''سەرکردەکانی حوسییەکان بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەک لە سەرچاوەی بەربڵاوی نێودەوڵەتییەوە، ئیرادەی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە کارە بێباکانە و ناسەقامگیرکەرەکان لە ناوچەی دەریای سووردا نیشان داوە.''
ناوبراو زیادی کرد: ''ئەمریکا هەموو ئامرازە بەردەستەکان بۆ پەکخستنی چالاکییە تێرۆریستییەکانی حوسییەکان و لاوازکردنی توانایان بۆ هەڕەشەکردن لە پێرسۆنیلی ئەمریکا و شەریکە ناوچەییەکانمان و بازرگانی دەریایی جیهانی بەکار دەهێنێت.''
دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی ململانێی نێوان حەماس و ئیسرائیل، حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب و کەنداوی عەدەن دەست پێکرد، ئەمەش ئەمنییەتی دەریایی ناوچەکەی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا خستە مەترسییەوە.
ئەم گرووپە کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانیی لێ دەکات، چەندین جار هەوڵی داوە خاکی ئیسرائیل بکاتە ئامانج.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەمە، ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە گرووپی حوسییەکانی خستە لیستی "گرووپە تێرۆریستییە بیانییەکانەوە''.