
ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەمە، عیسمەت خانم سوهرابی ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات بەهۆی نەخۆشییەوە لە گوندی یاڵاوا سەر بە محاڵی ئەختاچی مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
عیسمەت خانم یەکێک لە کەڵەژنە نموونەکان بوو کە بێ باک لە هێز و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە هەر باردۆخێکدا پشت و پەنای کادر و پێشمەرگەکانی کۆمیتە شارستانی مەهاباد و هێزی شەهید پێشەوا بوو.
ناوبراو لە دۆخی زۆر ئەستەم و کاری نهێنیدا وەک ئەندامێکی چالاک و بەورە لە ساڵانی دەیەی ٦٠ و٧٠دا داڵدەدەر و حەشاردەری کادر و پێشمەرگەکان بوو و بەردەوام دەرگای ماڵەکەی بە ڕووی کوڕەکاندا ئاوەڵا بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.