
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی خوازیاری بەڵێننامەیەکە کە چاوەدێری بە سەر بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی کەرەستەکانی شۆکی کارەبایی بکات.
لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەمە ڕاپۆرتێکی لەسەر بەکارهێنانی کەرەستەکانی شۆکی کارەبایی لەلایەن دامەزراوەکانی وڵاتانی وەک چین، ڤێنێزۆئێلا و ئێران بەمەبەستی ئەشکەنجەکردن، بڵاو کردووەتە و ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم کەرەستانە لە بەندیخانەکان، دامەزراوە دەروون دەرمانییەکان و گرتنگەی پەنابەران بەکار دەبرێت.
ڕاپۆرتەکە لە زاری لێکۆڵەرێکی لێبوردنی نێونەتەوەییەوە هێناویەتی، کۆمەڵێک لە چەکە کارەباییەکانی وەک شۆکێرە کارەباییەکان کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەدرێت لە جەستەی مرۆڤەکان، دەتوانێت ببێتە هۆکاری ئازارێکی توند و لەکارکەوتنی جەستەیی درێژخایەن و تەنانەت ئەگەر ئەم کەرەستە زیاتر بەکار ببرێت ئەوە دەبێتە هۆی خەسارە دەروونییەکان بۆ سەر تاک و تەنانەت دەشتوانێت ببێتە هۆکاری گیانلەدەستدان.
ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە زیاتربوونی بەکارهێنانی دەمانچە کارەباییەکان زیادی دەکات کە شۆکی ئەم دەمانچانە دەتوانێت جووڵەی تاک بە شێوەی کاتی ببڕێت و جەختیشی کردووەتەوە کە بەکارهێنانی نایاسایی و کەڵکاژۆوەرگرتن لەم جۆرە چەکانە، ڕووی لە زیادبوونە.
لە بەشێکی دیکەدا ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە پێویستە بە زووترین کات ئەو چەکە کارەباییانەی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەکەوێت لە جەستەی مرۆڤ قەدەغە بکرێت و هەروەها دەمانچە کارەباییەکانیش لە ژێر چاوەدێریی جیددی و لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا بێت.
لێبوردنی نێونەتەوەیی لە کۆتاییشدا خەم و کەسەری خۆی بۆ نەبوونی هیچ یاسایەکی جیهانی و نێودەولەتی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرهەمهێنان و بازرگانیی کەرەستەکانی شۆکی کارەبایی دەربڕیوە.
بەکارهێنانی ئەم کەرەستانە بەتایبەتی لەلایەن دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە کاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، لە بەندیخانەکان و هەروەها بۆ دەسبەسەرکردنی تاکەکان بابەتێکی باوە.
مەئموورانی گەشتی ئێرشادی ڕێژیم تەنانەت بۆ دەسبەسەرکردنی ژنان و کچانێک کە ناچنە ژێر باری حیجابی زۆرەملێیەوە لەم کەرەستانە کەڵک وەردەگرن.