کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی نوێی ئەرتەشی ئیسرائیل: ساڵی ٢٠٢٥ ساڵی جەختکردن لەسەر شەڕ لەگەڵ غەززە و ئێران دەبێت

11:15 - 16 رەشەمه 2724

ئەیال زەمیر، سەرۆکی نۆێی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل شەوی پێنجشەممە بە فەرماندە باڵاکانی خۆی ڕاگەیاند کە ساڵی ٢٠٢٥ ساڵی شەڕ دەبێت و سەرنجی سەرەکی و جەختمان لەسەر شەڕ لەگەڵ غەززە و ئێران دەبێت، لە هەمان کاتدا بەرەکانی دیکەش لەبەرچاو دەگرین.

ناوبراو بڕیاری داوە ناوەندی "فەرماندەیی ستراتێژیی ئێران" لە ئەرتەشی ئیسرائیلدا هەڵبوەشێنرێتەوە و پێکهاتەکانی تێکەڵ بە بەشەکانی دیکەی ئەرتەشی ئیسرائیل بکرێتەوە.

بەڵام لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بڵاوی کردەوە کە هیچ زانیارییەک لەبارەی چۆنییەتیی جێبەجێکردنی ئەم گۆڕانکارییانە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئامادەیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕوونەوە لەگەڵ ئێران و بەرنامە ناوکییەکەی بڵاو نەکراوەتەوە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران یەکەی تایبەتی لە ئیتلاعاتی نیزامی و هێزی ئاسمانیدا دروست کردووە.

هەروەها ئەیال زەمیر فەرماندەی نوێی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەشەمە ڕایگەیاند کە ئەرکی لەناوبردنی گرووپی توندڕەوی حەماس هێشتا کۆتایی نەهاتووە. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئاگربەست لە غەززە لە دۆخێکی نادیاردایە.

 ناوبراو، وتیشی کە گرووپی حەماس بە توندی زەربی بەرکەوتووە ، بەڵام هێشتا شکستی تەواوی نەخواردووە و هێشتا ئەرکەکە تەواو نەبووە، و ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکان سەبارەت بە داهاتووی ئاگربەست لەگەڵ حەماس گەیشتووەتە بنبەست.

 لەلایەکی دیکەوە لە هەمان کاتدا سەرکردە عەرەبییەکان پلانی ئاوەدانکردنەوەی غەززەیان لە ژێر ئیدارەی دەسەڵاتی فەلەستین پەسەند کردووە، بەڵام ئیسرائیل هەر چەشنە ڕۆڵێکی ئەو دەسەڵاتەی لە داهاتووی غەززەدا ڕەت کردووەتەوە.

 هەر لەو پێوەندییەدا بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی زەمیر جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی سوورە لە سەر ئەوەی لەم چەند بەرەیەدا کە هەیە سەرکەوتوو بێ.