
سەرچاوەیەکی نزیک لە نووسینگەی مەسعوود پزشکییان بە کاناڵی ''ئێران ''ئینتێرنەشناڵ''ی ڕاگەیاند، ناوبراو دوای دوورخستنەوەی دوو یاریدەدەری نزیکی خۆی لەلایەن توندڕەوەکانەوە هەستی بە لەرزۆکی کرد، بەڵام هێشتا لە درێژەدان بە کارەکانی پێداگرە.
سەرچاوەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوە کردووە، پزشکییان هیچ پلانێکی نییە بۆ دەست لەکارکێشانەوە، بەڵام لە ئێوارەی یەکشەممەوە "کەمێک ڕووخاو'' دێتە بەرچاو.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەجلیسی ڕێژیم، عەبدولناسر هێممەتی وەزیری ئابووریی لە پۆستەکەی لا برد و محەممەدجەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ستراتێژی، لەژێر گوشاری بناژۆخوازان دەستی لەکار کێشایەوە.
لە کاتێکدا کە ڕێوشوێنی کاروباری پزشکییان بە بنبەست گەیشتووە، میدیاکانی تاران کە تا ماوەیەک لەمەوبەر باسیان لە ئەگەری دەست لەکارکێشانەوەی دەکرد، ئێستا لەم بابەتە بێدەنگن.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕا و بۆچوونەکان لەسەر داهاتووی پزشکییان پەرە پێ دەدەن. گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە سۆشیاڵ میدیادا بڵاو بووەتەوە کە نیسانی دەدات پزشکییان ئایەتێک لە قورئان دەخوێننەوە و دەڵێت: "ئەگەر لە هەژاری و سەختیدا بیت، لاوازی بیانوو نییە بۆ مانەوە، بەجێی بێڵە.''
هێندێک ئەم قسانەیان بە نیشانەی بێهیوایی و خواستی پزشکییان بۆ وازهێنان لە قەڵەم داوە، هێندێکی تریش پێیان وایە خەڵکی بۆ کۆچکردن لە هەلومەرجی ئابووریی سەختدا هان داوە.
هەروەها ڤیدیۆیەکی دیکەی ئەو کاتی تەبلیغاتی هەڵبژاردنی پزشکییان بڵاو کراوەتەوە کە دەڵێت: "ئەگەر بینیم ناتوانم بەڵێنەکانم جێبەجێ بکەم، ئەوە لە سیاسەت دەکشێمەوە".
زۆر لایەنەکانی نێو دەسەڵات و تەنانەت خودی ڕێفۆرمخوازەکانیش لەسەر ئەو باوەڕەن کە دروشمی ''ویفاقی میللی''ی پزشکییان شکستی خواردووە.