کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە بۆ هەناردەکردنی گاز بۆ نەخجەوان بوو بە جێگرەوەی ئێران

12:20 - 16 رەشەمه 2724

بە کردنەوەی هێڵی لوولەی گازی "ئیغدیر - نەخجەوان"، تورکیە بوو بە جێگرەوەی ئێران لە هەناردەکردنی گاز بۆ کۆماری خودمۆختاری نەخجەوان.

پەرویز شاهبازۆف، وەزیری وزەی کۆماری ئازەربایجان، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەشەمە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی گواستنەوەی گازی تورکیە بۆ نەخجەوان ڕایگەیاند کە هێڵی لوولەی ئیغدیر بۆ نەخجەوان ساڵانە ٧٥٠ میلیۆن میتری سێجێیە کە دەتوانێت تا دوو ئەوەندە بەرزتریش ببێتەوە.

دەسپێکی ئەم پڕۆژە لە کاتێکدایە کە پێشتر کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەپێناو هاوردەکردنی گازی ئازەربایجان بۆ ئاستارا لە پارێزگای گیلان، گازی ئێرانی لە ناوچەی جوڵفای سەر بە پارێزگای تەورێزەوە هەناردەی کۆماری نەخجەوان دەکرد.

پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئازەربایجان و کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی پاش شەڕی قەرەباغ، یەکێک لە هۆکارەکان بوو تا ئانکارا و باکوو پڕۆژەی دامەزراندنی هێڵێکی نوێی لوولە بۆ گاز دەست پێ بکەن.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان، وەرگرتنی ١٥ لە سەدیی ئێران بۆ حەقی ئاڵۆگۆڕی ئەم گازە لە ئازەربایجان بوو.

دەوڵەتی ئازەربایجان پێشتر چەند جار داوای لە کۆماری ئیسلامی کردبوو تاکوو ئەم حەقە بۆ ٥ لە سەد کەم بکاتەوە چونکە تورکیە و گورجستان تەنیا ٥ لە سەد حەقی گواستنەوەیان لەم وڵاتە وەرگرتووە.

جیا لەم گرێبەستە، گرێبەستی ٢٥ ساڵەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ تورکیە بۆ هەناردەکردنی گازی ئێران ساڵی داهاتوو کۆتایی پێ دێت و بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیە تاکوو ئێستا داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ نۆژەنکردنەوەی گرێبەستەکەیان ڕەت کردووەتەوە.

تورکیە گرێبەستێکی دیکەی لەگەڵ وڵاتی تورکەمەنستان واژۆ کردووە کە بەپێی ئەو گرێبەستە ساڵانە ١.٣ میلیارد میتری سێجێ گاز لەم وڵاتە هاوردە دەکات.