
داوی تاران بۆ ترامپ
نەیشنال ئینتەرێست – بێهنام بین تالبلو
و: کەماڵ حەسەنپوور
تاران خەریکی نانەوەی داو بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ترامپە
لێدوانەکانی ئەو دواییانەی ڕێبەری گەورەی ئێران، عەلی خامنەیی ئاوێکی ساردیان بە سەر بیرۆکەی وتووێژ لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکاندا کردوە، یان بەو شێوەیە دێتە بەر چاو. دوای دەستبەکاربوونی ترامپ، خامنەیی چرای سەوزی بۆ وتووێژ هەڵکرد و دژی هێرشی هەمەلایەنەی کاربەدەستەکانی کە بانگەشەی وتووێژیان دەکرد نەوێستا.
چی لێ شین بۆوە؟
پاشگەزبوونەوە و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە لایەن خامنەییەوە پێشینەوەیەکی دوورودرێژی هەیە و لە بەرەبەری وتووێژی ناوکی لە ساڵەکانی دەسەڵاتداریی ئۆباما و بایدن، ئەوە بەتەواوی دەرکەوت. خامنەیی خوازیاری هەبوونی دەسەڵات بێ وەئەستۆگرتنی پەرپرسیارییە و، زۆر جار بڕیاری سیاسیی گەورە، وەک ڕیککەوتن لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان وەلا دەنێ یان ڕەتی دەکاتەوە. لە کاتێکدا دوایین لێدوانەکەی مەودای مانۆڕی سیاسی لە تاران تا ڕادەیەکی بەرچاو بەرتەسک دەکاتەوە، ئەوە بەو مانایە نییە کە کۆماری ئیسلامی خوازیاری وتووێژ نییە!
خامنەیی گەلێک خوازیاری کەلکوەرگرتن لە لێدوانە بەردەوامەکانی ترامپ لەمەڕ ویستی ڕێککەوتنە، بۆیە لە کاتێکدا کاربەدەستەکانی شەرمێونانە باسی دیپڵۆماسی دەکەن، ئەو بە کردەوە خەریکی بردنەسەرێی نرخی داواکراویەتی. دانوستان لێرە بە مانای چارەسەر کردنی ئاشتییانەی پرسی ناوکیی ئێران نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ پێشگرتن بە گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی ئەوپەڕی زەخت، هاوکات کەمکردنەوەی ئەگەری هێرشی سەربازیی ئیسڕائیل یان ئەمریکا. هەرچۆنێک بێ کۆماری ئیسلامی توانایی خۆڕاگری لە بەرانبەر چوار ساڵ سەپاندنی گەرمارۆی ئابووری هەردەم زیاتر یان ئەگەری بەرەوڕووبوونەوەی کێشەی سەربازیی ڕاستەوخۆی نییە.
لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست تاکە هاوپەیمانی ئێران واتە ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە ڕووخاوە. بەکرێگیراوە تێرۆریستییەکانی -حەماس و حیزبوڵڵا- بە گوتەی وەزیری کاروباری دەروەی ڕێژیم "چەند گورزی جیددیان" بەر کەوتووە.
لە نێوخۆ، لە سایەی ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووانەی ئیسڕائیل، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دوورهەنگێو کە ڕوسیە پێی دابوون لە کار کەوتوون. دۆخەکە بە قەیرانێکی پەرەئەستێنی وزە لە نێوخۆ و قەیرانی نرخی دراو مەترسی هاندانی جەماوەرێکی وەزاڵەهاتووی خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆ سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی تۆختر کردوە.
بە مەبەستی قەرەبووکردنەوە، ئێران زەخت بۆ هاوبەشە ستراتێژیکییەکەی، واتە وڵاتی چین دێنێ هەتا کڕینی نەوتە گەمارۆلەسەرەکەی زۆرتر بکات لە کاتێکدا کە ڕێژەی کەرەستەی پیتاندنی ئۆرانیۆم، ماددەی پێویست بۆ گەشەپێدانی چەکی ناوکی، زیاتر دەکات. بەگوێرەی ڕاپۆرت، ئەو هەروەها خەریکی لێکۆڵینەوە لە ڕێگای خێراتر بۆ گەشەپێدان بە چەکی ناوکییە. لە کاتێکدا ئەو هەنگاوانە بۆ وەدەستهێنانی ئاستی کاریگەریی تاران بەڕێوە دەچن، هیوادارە واشینگتۆن لە لاوازیی و ترسەکەی تێنەگا و وەک نیازپاکیی و دان بەخۆدا گرتن سەیری بکات.
لە شوێنی دیکە، بەکرێگیراوەکانی ئێران لە عێراق لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ بەولاوە، واتە مانگی هەڵبژێردرانەوەی ترامپ وەک سەرۆک کۆمار، هێرشیان نەکردووەتە سەر پێگەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە عێراق و سووریە. حوسییەکانی یەمەن کە بەگوێرەی ڕاپۆرت ئێران و هەروەها چین پڕ چەکیان کردوون، لەو دواییانەدا سەرنشینەکانی تانکەرێکیان ئازاد کرد کە زیاتر لە ساڵێک لەوەپێش بە بارمتەیان گرتبوون. تاران هەروەها ژنێکی وەنێوکەوتووی ئاڵمانیی-ئێرانیی کە چوار ساڵ بوو بە بارمتەی گرتبوو، لە دەورێکی دیکەی "دیپڵۆماسیی بارمتەگرتن" لە مامەڵەیەکی گۆڕینەوە لەگەڵ ئیتالیادا ئازاد کرد و تەرمی بارمتەیەکی دوو ناسنامەیی کە ئێعدامی کردبوو، گەڕاندووەتەوە.
ئەوپەڕی ساختەکاری
بۆ ڕێگا خۆشترکردنی هەرچی زۆرتر بۆ دانوستان لەگەڵ خودی ترامپ، سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزشکیان، تەنانەت هەوڵی داوە حاشا لە پیلانی تاران بۆ کوشتنی ترامپ بکات و گوتویەتی، "وەک دەستپێک، ئێمە قەت هەوڵمان نەداوە و قەتیش ئەو کارە ناکەین." ئەوە سەرەڕای ڕاپۆرتەکانی ئێف بی ئای لەمەڕ ئاشکراکردنی پیلانی ئێران بۆ کوشتنی ترامپ لە ٢٠٢٤ و هەڕەشەکانی کاربەدەستە سەربازییەکانی ئێرانی بۆ کوشتنی ترامپ لە ٢٠٢٣. هۆی سەرەکی ئەو هەڵگەڕانەوەی ئێران و هەستی بێهیواییە ئاشکراکەی ترامپە. دوژمنایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ترامپ فرە قووڵتر لە دوژمنایەتییەکەی بەرانبەر هەر سەرۆککۆمارێکی دیکەی ئەمریکایە. هۆیەکەشی سێ تەوەر لەخۆ دەگرێ:
یەکەم، ترامپ یەکەم ڕێبەری ڕۆژئاوایی بوو کە تابوی پشتیوانیی لە خەڵکی ئێران، هەرکاتێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی مەلا دەسەڵاتدارەکانیان ڕژانە سەر شەقامەکانی شکاند. هەڵوێست و تویتە دەنگ بەرزانەکەی ترامپ لە ٢٠١٧ تا ٢٠٢٠ جیاوازییەکی زەقی لەگەڵ هەڵوێستە شلوێیەکەی سەرکۆمار ئۆباما بەرانبەر بە ناڕەزایەتییەکەی ٢٠٠٩ هەبوو، کە بووە هۆی ئەو دروشمەی خۆپیشاندەرەکان، "ئۆباما، ئۆباما، لەگەڵ ئێمەی یان لەگەڵ ئەوان؟" بەر لە ترامپ، پشتگیریی ڕۆژئاوایی، تەنانەت بە قسەش، تا ماوەیەکی دوور و درێژ وەک "ماچی کوشندە" سەیر دەکرا، بەڵام دوای ترامپ ئەم دۆخە گۆڕا.
دووهەم، سیاسەتی ئەوپەڕی زەختی ترامپ لە یەکەم دەورەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیدا لە ڕادەبەدەر کاریگەر بوو، بە شێوەیەک کە کاربەدەستانی ئێرانی گوتویانە لە ڕوانگەی ئابوورییەوە لە جەنگی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق (١٩٨٩-١٩٨٠) وێرانکەرتر بووە. ترامپ زەرەری یەکجار گەورە و قەرەبوونەکراوەی لە ئابووریی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی و هەناردەکردنی نەوت بە شێوەی یەکلایەنە دا. ئەو هەڵوێستە بووە هۆی تێکڕمانی ئەو بۆچوونە باوە کە گەمارۆکان دەبێ فرە لایەنە بن تا کارتیگەریی ڕاستەقینەیان هەبێ.
سێهەم، ترامپ ئەو سەرۆککۆمارەی وڵاتە یەکگرتووەکانە کە دژی گەورە تێرۆریستی ئێرانی قامکی بە پەلەپیتکەیەوە نا، واتە فەرماندەی سوپای قودس قاسم سولەیمانی. خامنەیی پێشتر گوتبووی، "کەوشەکانی سولەیمانی لە سەری بکوژەکەی پیرۆزترن." ئەو کردەوەیە، کە گوایە تەنانەت بەڕێوەبەرایەتیی بووشیش خۆی لێ دەبوارد، شکستێکی ستراتێژیک و هەروەها دەروونی بۆ تاران بوو کە هاوسەنگییەکەی وەها تێک دا کە ئاسەوارەکەی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر ئاشکرا بوو.
لەبەر هەموو ئەو هۆیانە، پەیامە تێکەڵاوەکانی ئێران و پاڕانەوەکانی، لە جیات نیشانەکانی ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینەی کردار، داوێکن بۆ ڕزگارکردنی ڕێژیمێکی سەر لێواری ڕووخان.
لە جیاتی پێهەڵداگوتن بە ڕێککەوتن، ترامپ دەتوانێ دۆخی چەنە لێدانەکەی بە کەلکوەرگرتن لە هەست بە لاوازبوونی هەنووکەیی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەرگرێ. ئەوە دەتوانێ بە چڕترکردنەوەی گەمارۆکان، بە تایبەتی ئەوانەی سەر فرۆشتنی نەوت بە چین، لە کاتێکدا پەرە بە ترسی ئێران لە هێرشی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل بدرێ، هاوکات دەبێ بە ئاشکرا بیرۆکەی دانووستان لاواز بکرێ. بە گوتەیەکی دیکە، با دڵەڕاوکەی ڕێژیم زیاتر بێ و با ئەوپەڕی زەخت درێژەی هەبێ.