کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"پێشمەرگە، ژیانێک بۆ ئازادیی کوردستان"

13:44 - 16 رەشەمه 2724

"پێشمەرگە، ژیانێک بۆ ئازادیی کوردستان"

 

"پێشمەرگە، ژیانێک بۆ ئازادیی کوردستان" نووسینی عەتا نەسیری، بە زمانی ئاڵمانی چاپ و بڵاو بۆتەوە. نووسەر کە پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، لە لێدوانێکدا بۆ "کوردستان" لە بارەی هۆکاری نووسینی ئەم کتێبە گوتی: "پاڵنەری من بۆ نووسینی ئەم کتێبە دەگەڕێتەوە سەر وتە بەنرخەکانی شەهید د.قاسملوو. کاتی خۆی ئێمە وەک بۆرسییەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بە مەبەستی خۆێندن بۆ وڵاتی ئوتریش بەڕێ کراین. ئەوکات لە دۆڵی دێموکرات، د. قاسملوو لەسەر تایبەتمەندیی ئووروپا و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتمان و ئامانج و مەبەست لە ڕۆیشتنمان بۆ ئوتریش قسەی لەگەڵ کردین و زیاتر باسی لەم دوو خاڵی سەرەکی کرد. یەکەم ئەوەی خۆیندن ئەرکی سەرەکیی ئێوەیە و لەم ڕێگەیەوە دەتوانن زیاتر خزمەت بە نیشتمان و حیزب بکەن. دووهەم ئەوەی دەبێ دەنگی خەباتی ڕەوا و ئازادیخوازیی کورد بەگۆی خەڵکی ئوتریش و ئورووپاییەکان بگەیەنن. لەڕاستیدا ئەمن بە شانازییەوە وەک پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات هەردوو خاڵە سەرەکییەکەی وتە بە نرخەکانی د. قاسملووم بەجێ گەیاند، هەم خۆیندنی زانکۆم لە پەنا کاروچالاکیی حیزبی لە وڵاتی ئوتریش بە سەرکەوتوویی تەواو کرد و هەم بە نووسینی کتێبەکەم "پیشمەرگە" هیوادارم توانیبێتم زیاتر دەنگی خەبات و ڕەوای نەتەوەی کورد بگەیەنمە بەردەنگی ڕۆژئاوایی."

عەتا نەسیری لەبارەی نێوەرۆکی کتێبەکەی وردەکاریی زیاتری باس کرد و گوتی:

"کتێبی پێشمەرگە باس لە پێشمەرگەیەک دەکات کە ژیانی بۆ ئازادیی کوردستان داناوە، هەروەها باس لەو نەهامەتییانەی نەتەوەی کورد دەکات  کە لەلایەن دوژمنانی کوردەوە بەسەری هاتوون و پەردە لە جینایەتەکانی ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئیران دەرحەق بە کورد هەڵدەداتەوە و باس لە ئاسەوار و کاریگەرییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەسەر ژیانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی نێو ئەم وڵاتە دەکات. ئەم کتێبە هەروەها باس لە ژیان و بەسەرهاتی منی پیشمەرگەیە کە پاش وەرگرتنی دیپلۆم لەگەڵ برای شەهیدم (ئەمین نەسیری) بووین بە ئەندامی تەشکیلاتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە دیواندرە و دوای بریندار بوونم لە مەهاباد و لە دەستدانی لاقم بە مەبەستی خوێندن بەڕێی ئۆتریش کرام و لەوێ درێژەم بە خوێندن و تێکۆشانی سیاسی داوە."

 نووسەر لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەم کتێبە، یان نووسین و بەرهەمی لەم جۆرە کە بە زمانی بیانی دەنووسرێن دەتوانێ چ کاریگەرییەک لەسەر بیرکردنەوەی خەڵک و کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا دابنێ، گوتی: بەم‌جۆرە نووسینانە دەتوانین کاریگەریی زۆر لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا و بیروڕای گشتیی غەیردە کورد دابنێین و یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا پتر بە دۆزی سیاسی و خەبات و قوربانیدانی کورد ئاشنا بێت و ئەم کتێب و نووسەرانە دەتوانن دەنگی کورد بن لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوادا.

نووسەر لە چەند دێڕێکدا:

- لە دیواندەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە و دوای لەدەستدانی لاقی وەک بۆرسیەی حیزب بۆ خوێندن بەڕێی ئۆتریش کراوە.

- خوێندنی زانکۆی لە بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی ڤییەن تەواو کردوە و ماستەری لەسەر خەباتی کورد لە ئێران و پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەرگرتوە.

- بە ئیبتکار و دەستپێشخەریی ئەو و ئارەزووی خێزانی و دوای چوار ساڵ هەوڵ و بەردەوامی ساڵی ٢٠١٠ مۆنۆمێنتی شەهید د. قاسملوو لە نیزیک شوێنی تێرۆرکرانی لە ڤییەن داندراوە.

- لە کاری مێدیایی و وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی بیانی لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەروەندەی تێرۆری د. قاسملوو و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران بەردەوام بووە.

…………………………………………………………….