
زمان و سیاسەتی زمانی
پەیمان ئابجامە
زمان یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی مرۆڤە، و وەکوو سەرەکیترین فاکت و پێناسەی کۆمەڵگەی مرۆیی بەردەوام بەر سەرنجی زانایان و زمان زانان کەوتوە. بە دەربڕینێکی دیکە زمان لە ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکاندا سەرەکیترینی ڕۆڵەکان دەگێڕێت و "قسەکەربوون" یەکێک لە تایبەتمەندی و خاڵە جیاوازەکانی مرۆڤ لە گەڵ بوونەوەرەکانی دیکەیە.
زمان دیارترین ڕەهەندی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە و هەر بۆیە دەبێ سەرجەم لایەنەکانی بوونی کۆمەڵایەتی ئێمە بێنێتە درەوشاندن و بیخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. کەواتە چییەتی کۆمەڵایەتی زمان، خاڵی دەسپێکی لێکدانەوە و توێژینەوە زمانییەکانە. دیارە سەرەکیترین ئەرکی زمان بەئەنجام گەیاندنی پەیوەندییەکۆمەڵایەتییەکانە بەڵام جیا لەم بوارە زۆر گرینگە فاکت و بەڵگەیەکی هەستیاری شوناسی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییە و لە ناوەندی باس و خواسە ئایدیۆلۆژیکەکاندایە و بەردەوام بە درێژایی مێژوو بە تایبەت لە سەردەمی هاوچەرخدا و لە گەڵ سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالیزم، وەکوو ئامڕازێک بۆ دەوڵەت – نەتەوەسازی سەرنجێکی چڕوپڕی پێ دراوە و بە واتایەکی دیکە سەرنجدان بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی زمان تەنیا لە کۆڕە زانستییەکانی زانستگاکان بەرتەسک نەکراوەتەوە و بەردەوام زۆرێک لە کێشە و پرسی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەستیاری خوڵقاندوە و بۆتە بەستێنی بووژانەوە و خەساندنی شوناسەکان.
دوابەدوای سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالیزم و بەرچاوکەوتنی زمان وەکوو کەرەستەیەکی ئایدیۆلۆژیک بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە دەوڵەتەکان هەوڵی زۆریان لە پێناو زمان و سیاسەتی زمانی داوە و کێشەکان، بەربەستەکان، دەرفەت و مەترسییەکانی ئەم بوارەیان لێکداوەتەوە و بە شێوەیەکی کەم و زۆر زانستی لایەنەکانی ئەم بابەتەیان بەرتیشکی سەرنج خستووە و هێز و توانایان لە پێناو داڕشتنی پڕۆگرام و سیاسەتێکی شیاو و گونجاو لەم بوارەدا خستووەتەگەڕ. بێگومان ئەم سیاسەت و پلانانەی دەوڵەت-نەتەوە تازە پێگەیشتووەکان کاردانەوەی سیاسی ، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی زۆری بەدواوە بووە و دەرەنجامی خوازە و نەخوازی جۆراوجۆری بە شوێن خۆیدا هێناوە و زۆر جار زمان لە سەرەکیترین ڕۆڵی خۆی واتە لە سیستمێکی پەیوەندییەوە بۆ ئەلێمانێکی سیاسی دابەزیوە و هەوڵەکان نەک لە ئاقاری سیاسەتێکی زمانی بەڵکوو سیاسی کردنی زمان ڕۆیشتووە و ئەم کارە زۆر لایەن و پرسی نێگەتیڤی لێکەوتووەتەوە.
پەیوەندیی سیاسەت و زمانی کوردی
پەیوەندی زمان و نەتەوە، پەیوەندییەکی قوڵی تیۆریکە. ویلهلم فۆن همبۆڵت یەکێکە لە وانەی لە سەرەتاوە"زمان"و"روحی نەتەوە" پێکەوە گرێ دەدات، بە ڕای همبۆڵت زمان دەرکەوتووترین دەرکەوتەی ڕوحی نەتەوەیە، زمان ڕوحی نەتەوە و ڕوح زمانی نەتەوەیە.
هەرچەند کە ئەم پەیوەندی سازدانەی همبۆڵت یەکجار میکانیزەیە، بەڵام لە لایەکەوە دەربڕی جۆری گۆشەنیگای ناسیۆنالیزم بەرانبەر بە زمانە و ئەو هەستیاربوونەی دۆخی زمان لەم چێوە فکرییەدا بە جوانی هاتووەتە درکاندن. بە دەربڕینێکی دیکە، چەمکی "زمان" و "نەتەوە" هاومانا و یەک مانا لەگەڵ یەک هاتن، نواندنەوەی پرسی شوناسی ناسیۆنالیزم و زمانە. بەڵام ئەم جۆرە ڕوانینە بۆ زمان چەندە دەتوانێت زانستی بێت؟ ئایا ئەو پڕۆژەی بە ناوی سیاسەتی زمانییەوە باسی لێدەکرێ تا چەند لایەنەکانی سیاسەتی زمانیی لە خۆیدا ڕۆناندوە، بە دەربڕینێکی دیکە ئەو هەوڵانەی دەدرێن لە ئاقاری سیاسەتی زمانییە یا سیاسی کردنی زمان؟
سیاسەت و پلانڕێژی زمانی پاڵێوەر بە ناسینی زمان بە وێنەی چاوگەیەکی کۆمەڵایەتییە و گرینگایەتی ئەم سەرچاوەیە بەهۆی بەهای پەیوەندی و شوناسی ئەو بۆ کۆمەڵگەیە و سیاسەتزانان گرینگترین کارگێڕانی هەر پلانێکی زمانین. سیاسەتەکانی زمان دەبێت جۆرێک داڕێژرێن کە نیاز و حەزەکانی سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی کاریگەر و هاوسەنگ بێنێتە دی و بوار بۆ پەیوەندییەکی ئامڕازی بڕەخسێنێت و لە هەناوی ئەم پەیوەندییە ئامڕازییە، پەیوەندییەکی عاتیفی و سۆزەکی بخوڵقێنێت. هۆی ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە پەیوەندیە ئامڕازی و عاتیفییەکانی تاکەکان لە گەڵ زماندایە کە زمان دەبێتە هێمایەکی شوناسی نەتەوەیی و بە دوایدا شوناسیی نەتەوەیی پێک دەهێنێت. ئاکامی ئەو تێفکرینە هەوڵدانی ئەنقەست لە ئاراستەی دەسکاریی ڕاستەوخۆی هەست و سۆزەکانی خەڵک بە ناسەرکەوتوویی دەزانێت کە بەردەوام دەرەنجامێکی پێچەوانەی بە دواوەیە.
کۆمەڵگەی کوردی بە هۆی بارودۆخی تایبەتی خۆیەوە، بەها و گرینگییەکی زۆری بە زمان داوە و ئەم بایەخدانە زۆرجار تا ئاستی بەپیرۆز کردنی زمانیش ڕۆیشتوە و زمانی کوردی بە یەکێک لە کۆڵەکە پتەوەکانی پێکبەستی شوناسیی نەتەوەیی داندراوە و بەردەوام لە گۆشەنیگای ئایدیۆلۆژیکەوە سەیری کراوە.
راستە هەموو زمانەکان ڕەهەند و لایەن و مۆرکی ئایدۆلۆژیکیان تێدایە، بەڵام لەوانەیە زمانی کوردی یەکێک بێ لەو زمانانەی کە زیاتر لە هەر زمانێکی تر ڕەهەندی ئایدیۆلۆژیکی تێدا بەرجەستە بووبێتەوە. کورد بە حوکمی ئەوەی لە ڕابردوودا و بە تایبەت لە سەدساڵی ڕابردوودا بە سەر چەندین دەوڵەت نەتەوەی جیاجیادا دابەش بووە و بە حوکمی ئەوەی خاوەنی چەندین حیزب و ڕەوت و ڕێکخراوی سیاسیی جیاجیا و تەنانەت هێندێک ڕێبازی ئایینی جیاوازیش بووە، کەواتە ئاساییە نەک هەرلایەنی ئایدیۆلۆژیک بوونی زمانی کوردی زەق بێتەوە بەڵکوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامیشدا بێ لەگەڵ چەندین گوتاری ئایدیۆلۆژیکی جیاجیادا، ئەو گوتارانەی تەنانەت ئەمڕۆکەش هەست پێدەکرێن. زمانی کوردی بەم چەشنە بووەتە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژیکییەکان. هەرچەند ئەم دیاردەیە لە زمانەکانی تریشدا دەبینرێ، بەڵام زمانی کوردی بە هۆی گەشەنەکردنی لە دەوڵەت-نەتەوەدا و بە تایبەت بە هۆی لە ئارادانەبوونی زمانێکی ڕەسمی ئەو ناوەندە پەروەردەیی و زانستییانەی کە پەیڕەوی لە زمانێکی زانستی یەکدەست بکەن لایەن و تایبەتمەندیی ئایدیۆلۆژیکی بە تەواوی تێدا بەرجەستە بووەتەوە. لە ڕاستیدا ناسیۆنالیزمی کوردی نەک هەر زمان بە فاکتێکی گرینگی شوناس دەزانێت، بەڵکوو بوونایەتی و جەستەی ئایدیاڵی یەکانگیرانەی خۆیشی لە نیگایەکی واقماوی ئاوێنەی زماندا دەدۆزێتەوە. بە دەربڕینێکی دیکە، جەستەی پارچەپارچەبووی خۆی لە ئەمری خەیاڵی و ئایدیاڵی زماندا دەبینێتەوە و هەر بۆیە گرینگیدان بە زمان تان و پۆی ناسیۆنالیزمی کوردی تەنیوە.
لێرەدا پرسیار دێتە پێش، ئایا بە ئایدیۆلۆژی کردنی زمانی کوردی تا چەندە توانیویەتی لە گەڵ پلانی زانستیانەی سیاسەتی زمانی خۆی ڕێک بخات؟ یەکێک لەو مشتومڕ و ململانە ڕۆشنبیرانە و لە هەمان کاتدا سیاسیی لە سەر زمانی کوردی، باسی زمانی ستانداردە کە لەم چەند ساڵەدا زۆر کۆڕوکۆبوونەوە و سیمیناری بێ ئاکامی لە سەر گیراوە.
بێ ئاکام لەو ڕوانگەیەوە کە تاکوو ئێستا ئەو هەوڵانە نەبووەتە بنەمای داڕشتنی پلان و سیاسەتێکی زمانی تایبەت و باسەکان تەنیا لە بەستێنی ڕۆشنبیرانەدا ماونەتەوە. زۆرێک لە ڕۆشنبیران و کەسایەتیی سیاسی پێیان وایە کە زمانی ستاندارد و هاوبەشی کوردی، زاراوەی سۆرانییە و بە پشتبەستن بە بەڵگەی تایبەتەوە، لە بواری زانستیشدا پاساوی بۆ دەهێنەوە و جەخت دەکەنە سەر بواری یەکانگیری نەتەوە و دەڵێن کە یەکڕیزی و یەک دەنگی کورد لە زمان دایە و بوونی ئەم هەموو زاراوانە لە کوردیدا دەبێتە هۆی پارچەپارچەبوون و تێکشکانی ئەو یەکڕیزییە و بۆیە دەبێ کوردیش وەکوو زۆربەی گەلانی جیهان زمانێکی فەرمی و ستانداردی ببێت و ئەویش سۆرانییە. لە هەمان کاتدا ئەوانەی زاراوەی سۆرانی بە زاراوەیەکی پڕپیت بۆ هاوبەشبوون و ستانداردبوون دادەنێن حاشا لە بوونی زاراوەکانی دیکە ناکەن و بەڵکوو باوەڕیان وایە کە زاراوەکانی دیکە دەبێ ببنە پاڵپشتی بەتواناکردنی زاراوەی ستاندارد.لە لایەکی دیکەوە، دەستەیەکی دیکەی ڕووناکبیران ئەم بڕیارەیان پێ زۆر لاواز و لەرزۆکە و پێیان وایە کە هیچ یەک لە کێشەکان چارەسەر ناکات و تەنانەت کێشە خوڵقێنیشە. ئەوان جووت ستاندارد بوون بە باشترین بڕیار دەزانن و پێیان وایە کە دوو زاراوەی سەرەکی کرمانجی و سۆرانی دەبێ وەکوو دوو زاراوەی ستانداردی کوردی ڕابگەیندرێن و چارەسەری پرسی زمانی تەنیا لە دوو ستانداردی دایە. تاقمێکی دیکە هیچ کام لەو دوو ڕوانگەیان پێ درووست نییە و دەڵێن کە زمانی کوردی لەو دۆخەدا نییە کە بتوانێ یەک یا دوو زاراوەی سەرەکی بە ستاندارد ڕابگەیەنێت و بەڵکوو زمانی کوردی خاوەن چەندین زاراوەیە و هەرکامەیان مافی خۆیەتی ببێتە زاراوەی ستاندارد و ئاخێوەرانی حەقیی نووسین و خوێندنیان بەم زاراوانە هەیە.
ئەوەیکە جێگای سرنج و تێڕامانە ناسیۆنالیزمی کوردی وێنەی یەکدەستی خۆی لە زماندا دەبینێتەوە و ئەوانەی کە جەخت لە سەر تاک زاراوەی زمانی کوردی دەکەن یا خاوەن وەها بیروبۆچوونێکن، ئەم تێڕوانینە تەنیا فەڕزێکی ئایدیاڵ لە سەر زمان بووە، چونکە ئەم کارە نەیتوانیوە یەکڕیزی و یەکانگیری بێنێتە دی و بەڵکوو زۆرتر بووەتە هۆی شێواندنی کەشی ڕۆشنبیرانە و هەروەها کۆمەڵگەی کوردی. زۆرێک لە زمانناسان تاک زاراوەیی بە فاشیزم و شۆفێنیزمی زمانی دەزانن و لە کۆمەڵگەی کوردیشدا ئەگەر ئەم ڕوانگەیە هەبێت ، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی بیرێکی ڕادیکاڵ و ئاسۆیەکی لێڵ و بشێوانە بە نیسبەت زمانی کوردی لێدەکەوێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەمە ناکرێ مۆرکی سیاسەتی زمانی پێوە بدەین چونکە دەستنیشانکەری ڕەوتی بزاوتی زمان و داهاتووی ئەو، سیاسەتی شاراوەی زمانە و سیاسەتی شاراوە شتێک نییە بێجگە لە نواندنەوەی هەستە زمانییەکان و بە دەربڕینێکی دیکە ئایدیۆلۆژی و باوەڕە زمانییەکانی ئاخێوەرانە.
کۆتا وتە: زمانی کوردی یەکێک لە بنەما ئەساسییەکانی نەتەوەی کوردە. بۆیە ڕووناکبیران و زمانزانانی کورد پێویستە لە سەر ڕێزمانێکی ستانداردی دیجیتاڵی بە نیسبەت نووسین و خوێندنەوە و چاپ و...هتد لە چوارچێوەی گۆڤار و کتێب و سایتەکانی کورد بەبێ جیاوازی زاراوەکان پلاتفۆڕمێکی زمانی لە چوارچێوەی ناوەندێکی ئاکادێمیکی زمانەوانی پێک بێنن و هەموو چین و توێژەکان ڕێنمایی و ڕاسپاردە لەو ناوەندە وەرگرن.