کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە پێویستە ڕاستینەی نەتەوەکانی ئێران ببینێ

11:26 - 18 رەشەمه 2725

عەزیز مەعرووفی

ڕۆژی شەممە، ٢٨ی فێبریوەری، ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە هێرشێکی مێژووییان بۆ سەر ئێران دەست پێ کرد. لە یەکەم ساتی بۆردوومانەکاندا، ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرانی ڕێژیم و بەتایبەت خامنەیی دیکتاتۆریان ئازایانە ئەنگاوت. بەو هێرشانەی لە هەفتەی ڕابردوودا کراون، ڕێژیمی شەکەت و ماندووی تارانیان بەرەو داڕمانی یەکجاری پاڵ پێوە ناوە؛ هەر بۆیە ئەو دۆخە دەرفەتێکی یەکجار زێڕینی بۆ سەرجەم نەتەوەکانی ئێران و لە ڕیزی هەرە پێشەوەیان بۆ نەتەوە ژێردەستەکانی نێو ئەو چوارچێوە جوگرافیایە بە زۆر پێکەوەلکێنراوە و بەتایبەت بۆ نەتەوەی کورد خولقاندووە. بەو پێیەی لە ساتەوەختێکی گرنگی مێژووییداین و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەستێرەی ڕزگاریی بەرەو درەوشانەوە دەچێ، بە پێویستی دەزانین ئاوڕێک لە گوێ‌ئاخنینی تورکیە لە مەسەلەیەکی ئاڵۆز و هەر لەو کاتەدا مێژوویی و گرنگ کە ئەویش ڕاستینەی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانەکەیدایە، بدەینەوە.

تورکیە سنوورێکی ٥٣٤ کیلۆمەتری لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە؛ بە زمانێکی باو دەبێ بڵێین ئەو سنوورە، سنووری دوو بەشی بەزۆر لێکدابڕاوی باکووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بۆیە تورکیە وەک وڵاتێکی دراوسێ گرنگیی تایبەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. دەوڵەتی تورکیە بە درێژایی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوو، بە ئینکار و حاشاکردن لە مەسەلەی کورد ناوی دەرکردووە؛ نەک هەر لە باکووری کوردستان بەڵکوو لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا لە کۆسپ‌داتاشین، دوژمنایەتی و تەنانەت پەلاماردانیش نەپرینگاوەتەوە. ئەوەش لە ترسی ئەو وڵاتە بۆ مەسەلەی کورد لە تەواوەتیی خۆیدا سەرچاوە دەگرێ؛ چونکە ئازادی و ئازادبوونی هەر بەشێک لە بەشەکانی کوردستان، تۆوی هیوای ئازادی لە بەشەکانی دیکەشدا بەخێرایی چەکەرە دەکا؛ ئازادییەک کە دەبوو ئەو وڵاتە وەک دەرفەت نەک مەترسی چاوی لێ کردبایە.

جموجۆڵەکانی تورکیە لە دژایەتیکردنی کورد لە ساڵی ٢٠١١ـەوە لەگەڵ هاتنی شۆڕشی بەهاری عەرەبی پانتایییەکی بەرچاوتری بەخۆوە گرتووە. دژایەتیی کەم‌وێنەی خۆی لە ڕۆژاوای کوردستاندا بەوپەڕی گەیاند، هەر بۆیە لەو سۆنگەیەوە لە هەلومەرجی ئێستادا کە تێکڕای ناوچەکە، ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەریکە شنەبای گۆڕانکارییەکان زێڕەوشانی دەکا، لەو بارەیەوە چەند ڕاستییەک وەبیر تورکیە دەهێنینەوە:

تورکیە زۆر لەمێژە دژایەتیی قووڵی خۆی لە هێرش بۆ سەر ئێران دەربڕیوە، لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا زۆرتر لاگیری ڕێژیمی ئێران بوو. لەو دوایین هێرشەشدا سەرەڕای سێ هەفتە ئەمریکای بۆ وتووێژ لەگەڵ ئێران ڕاکێشا، بەو حاڵەش دژایەتیی خۆی لەگەڵ هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەشاردۆتەوە. ئەوەش هۆی خۆی هەیە وەک؛ ترسی لە باڵادەستیی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکە و تەنینەوەی وڵاتەکەی بە ئاڵوگۆڕەکان. پێکهاتنی ئاڵوگۆڕی قووڵ لە ئێران یان ڕووخانی، دەرفەتێکی لەمێژینە بۆ نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان بۆ کورد بەدواوە دەبێ. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە. ئەگەر چاوێک لە حەشیمەت و ڕووبەری دانیشتووانی ئێران بکەین، دەکرێ بڵێین حەشیمەت و ڕووبەری نەتەوەکانی ئازەری، کورد، بەلووچ، لوڕ، عەرەب و تورکمەن لەسەر یەک، لە هی نەتەوەی باڵادەست زۆرتر نەبێ کەمتر نییە. لەو وڵاتە ٩٠ ملیۆنییەدا حەشیمەتی ئازەری ٢٥ ملیۆن و کورد بە زیاتر لە ١٢ ملیۆن دەخەمڵێندرێ. لە کاتێکدا پێکهاتەی نەتەوە لە تورکیە بە شێوەی سەرەکی لە دوو نەتەوەی تورک و کورد پێک دێ؛ لە کۆی حەشیمەتی ٨٧ ملیۆنی ئەو وڵاتە، کورد لە باکووری کوردستان لانیکەم ٣٠ ملیۆنە.

تورکیە لە ئاست واقیعییەتی نەتەوەکانی ئێران خۆی دەبوێرێ، بۆیە بەردەوام هەوڵی بەلاڕێدابردنی ئەو واقیعییەتە دەدات. بۆ گەیشتن بەو خەونەی، هەوڵ دەدات ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دووپات بکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو وڵاتە لەو بارەیەوە زۆر بەهەڵەدا چووە؛ چونکە: یەکەم، سروشت و هەڵکەوتەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەباری ڕووبەر، پانتایی و حەشیمەتەوە لەگەڵ ڕۆژاوای کوردستان بۆ بەراورد نابێ. دووەم، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کورد خودان خەباتی لانیکەم هەشتا ساڵەیە، واتە خاوەن پێشینەیەکی بەنرخ و زێڕینە لە خەباتی نەتەوایەتیدا؛ لە بوارەکانی مەدەنی، سیاسی، دیپلۆماسی و تەنانەت چەکداریشدا مێژوویەکی ئەوەندە دەوڵەمەندی هەیە کە دۆستەکانی شاهیدی بۆ دەدەن و دوژمنەکانی ناتوانن حاشای لێ بکەن؛ بۆیە ڕەوڕەوەی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاش شەڕی دووەمی جیهانییەوە لەسەر تەوەرەی نەتەوایەتیی پێشکەوتنخواز دەڕواتە پێش.

دیارترین حیزبی ئەو گۆڕەپانە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە. لە یەک وتەدا دەتوانین بڵێین کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خاوەن حیزبی پێشەنگ و پێشڕەوە کە پشت‌ئەستوورە بە ئیرادەی جەماوەریی خەڵکی کوردستان. کەچی ڕۆژاوای کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی سروشتی و کەمیی حەشیمەت، ئەو شانسەی نەبووە ئەزموونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاقی بکاتەوە. سەرەڕای ئەوانەش، ئاڵوگۆڕەکانی ١٥ ساڵی ڕابردووی ڕۆژاوای کوردستان لەگەڵ ئەوەی کە تورکیە پارتی کرێکارانی کوردستانی لەوێ کردە بیانوو، بەڕوونی دەریخست کە تورکیە بە خەونەکانی لەو بەشەی کوردستاندا نەگەیشت؛ شتێک کە هەرگیز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێی ناگا. بەڵام هەر وێڕای ئەوەش، دەوڵەتی تورکیە دەبێ زۆر چاک بزانێ کە هاتوچۆکانی دوو هەفتەی ڕابردووی وەفدەکانی "دەم پارتی" بۆ ئیمراڵی و بڵاوکردنەوەی لێکدا لێکدای وتە و ڕاسپاردەکانی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئیرادەی پتەوی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەلاڕێدا نابات.

کاربەدەستانی تورکیە وەک ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، دەوڵەت باخچەلی و هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، لە ماوەی تەنیا دوو هەفتەی ڕابردوودا چەندین جار هەڕەشەیان لە کورد کردووە. هاکان فیدان لە کاردانەوە بە پێکهاتنی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" دەڵێ: ئێمە لە نزیکەوە جموجۆڵەکانی ئەو هاوپەیمانییە دەخەینە ژێر چاوەدێری. ئەردۆغان، باخچەلی و وەزارەتی بەرگرییەکەشیان، وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمریکا، قسە لە دابەشبوون و تێکچوونی یەکێتیی خاکی ئێران دەکەن و هەڕەشەی دەستتێوەردان دەکەن. ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەی کاربەدەستانی تورکیە هیچ چەشنە پاساوێک هەڵناگرن، چونکە وەک لەسەرەوە وتمان، کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خاوەن خەباتێکی نەتەوایەتیی پێشکەوتووە. ئێستاش کە "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" پێکهاتووە، ڕوونە کە بڕبڕە و ئەستوونی هەرە قایمی ئەو هاوپەیمانییە لەو هێزانە پێکهاتووە کە ئەزموونی خەبات و تێکۆشانیان دژ بە هەردوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی هەیە؛ چلوحەوت ساڵە دەریایەک خوێنیان لە شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی تیرۆریست و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیدا داوە. حیزبی دێموکرات سێ ڕێبەری لەو ڕێگایەدا شەهید بوون، کۆمەڵە و حیزبی پاک لەو هێزانەی نێو هاوپەیمانییەکەن کە ڕێبەریان لە خەبات دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا شەهید بووە؛ بۆیە چاوسوورکردنەوەی ئەو وڵاتە لە خەباتی درەوشاوەی کورد، پاساوێکی بێ‌بنەمایە و تەنیا بۆ سیاسەتی ئینکاری ڕاستینەی نەتەوەکانی نێو ئێران دەگەڕێتەوە. جیا لەوەش ئێمە لە سەردەمی کۆماری کوردستان و کۆماری فیرقەی ئازەربایجاندا بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد و جەعفەر پێشەوەری، ئەزموونی هاوپەیمانی و یەکێتی و برایەتیمان لەتەک ئازەرییەکاندا هەیە کە بێگومان ئەو هاوپێوەندییە شانازییەکەی بۆ هەر دوو نەتەوەی کورد و ئازەری دەگەڕێتەوە.

ئەگەرچی تورکیە بە هەموو ڕێگەیەک هەوڵ دەدات ڕۆڵی دەمڕاستی بۆ نەتەوەی ئازەری لە ئێران بگێڕێ، بەڵام نەتەوەی ئازەری پێویستە بە کردەوە ئەمجارەش هەروەک ڕابردوو بیسەلمێنن کە لەگەڵ کورد دوو نەتەوەی چەوساوەی بەشخوراون کە شانبەشانی یەکتر شەڕی ماف و ئامانجەکانی خۆیان دەکەن و مەترسی نین بۆ سەر یەکتر و خاک و وڵاتانی دراوسێ. تورکیە کە بێگومان بە وەها یەکێتییەک قەڵسە و هەوڵ دەدا ئاڵوگۆڕ و پێشهاتەکانی ئێران و ناوچەکە بەلاڕێدا ببا و تۆوی دووبەرەکی بوەشێنێ؛ تورکیەیەک کە بە پاساوی یەکێتیی خاکی ئێران پشتیوانی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکات و بە پێچەوانەی واقیعییەتی ڕاستینەی نەتەوەکانی ئێران دەجووڵێتەوە، هەرگیز ناتوانێ دڵسۆزی نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان برا ئازەرییەکانمان بێ.