کتێبی ''قاسملوو، پێغەمبەری ئاشتی'' کە لە ئامادەکردن و وەرگێڕانی ڕەزا فەتحوڵڵا نژاد، بە تەرکیزکردنە سەر تێڕوانینە سیاسی و ئابوورییەکانی شەهید دوکتورعەبدولڕەحمان قاسملوو چاپ و بڵاو کرایەوە.
ئەم کتێبەکە هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە مەعریفییەی لە کتێبخانەی ئینگلیزیدا کە سەبارەت بە ناسنامەی فیکریی ئەم ڕێبەرە کوردە هەیە.
بەشی هەرە سەرەکیی ئەم بەرهەمە تەرخان کراوە بۆ تیۆریی سۆسیالیزمی دێموکراتیک لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووەوە و کتێبەکە بە پێشەکییەکی ورد دەست پێ دەکات کە وەک ڕێنماییەک بۆ تێگەیشتن لە چوارچێوەی فیکریی قاسملوو دادەنرێت.
ناوەڕۆکی ئەم بەشە بریتییە لە وەرگێڕانی نووسراو و وتارە دەگمەنەکانی دوکتور قاسملوو لەسەر چەمکی سۆسیالیزم و شیکردنەوەی پەیوەندیی نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە کۆتاییەکانی دەیەی هەشتاکان و کاریگەریی پڕۆسەی دێموکراتیزەبوون لەسەر ئاشتیی ناوچەیی و هەروەها کورتەیەک لە تێزی دوکتورای دوکتور قاسملوو لەژێر ناوی ''کوردستان و کورد''.
ڕەزا فەتحوڵڵا نژاد، ئامادەکاری کتێبەکە لە لێدوانێکدا بۆ ''کوردستان میدیا'' دوو ئامانجی سەرەکی بۆ ئەم کارە دەستنیشان کردووە کە یەکەمیان ناساندنی دوکتور قاسملوو بە جیهانی دەرەوە و خستنەڕووی ڕۆڵی مێژوویی ئەو وەک ڕێبەرێکی دێموکراسیخواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە و دووەمیشیان خستنەڕووی مۆدێلی تایبەتی سۆسیالیزم و ئاشناکردنی خوێنەری ئینگلیزیزمانە بەو ڕوانگە تایبەتەی دوکتور قاسملوو کە بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەیبووە.
ناوبراو هیوای خواستووە ئەم بەرهەمە ببێتە هەوێنێک بۆ ئەوەی ئەکادیمیستەکان و پسپۆڕانی فەلسەفەی سیاسی بە شێوەیەکی قووڵتر و ڕەخنەگرانەتر شیکاری بۆ ئایدیاکانی دوکتور قاسملوو بکەن.