کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئەمریکا: هاویشتنی موشەکی بالیستیک لەلایەن ئێرانەوە ٩٠ لەسەد کەمی کردووە

16:46 - 19 رەشەمه 2725

دەن کەین، سەرۆکی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ڕێژەی هاویشتنی مووشەکی بالیستیک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەم ڕۆژانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و بەپێی هەڵسەنگاندنە سەربازییەکان، ئەم ڕێژەیە نزیکەی ٩٠ لەسەد کەمتر بووەتەوە.

ناوبراو لە قسەکانیدا سەبارەت بە گۆڕانکارییە سەربازییەکانی ئەم دواییە وتی کە هێزەکانی ئەمریکا لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی تێکهەڵچوونەکاندا، زیاتر لە ٥٠ کەشتی و بەلەمی سەر بە کۆماری ئیسلامییان تێک شکاندووە.

بە وتەی ناوبراو، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری بێفڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامیش نوقم کراوە.

کەین ئاماژەی بەوەش کرد کە بەکارهێنانی دڕۆن لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە توندی کەمی کردووە کە ئەنجامی گوشارە سەربازییەکان و بەئامانجگرتنی ژێرخانە پەیوەندیدارەکان بە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ئەم کەرەستە و ئامێرانەیە.

سەرۆکی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە لە ئۆپراسیۆنەکانی ئەم دواییەدا، دەیان بۆمبی دوو هەزار پۆندی بەسەر ئامانجگەلێک لە نێوخۆی ئێراندا بەردراونەتەوە.

بە وتەی ناوبراو، ئەم هێرشانە بە تایبەتی کارگەکانی بەرهەمهێنانی دڕۆن و دامەزراوەکانی مینڕێژکردنیان کردووەتە ئامانج.

ئەم هەنگاوانە بە ئامانجی کەمکردنەوەی توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی و سنووردارکردنی تواناکانی هێرشبەریی ئەو وڵاتە ئەنجام دراون.