کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگری ئەمریکا: تا شکستی یەکجاریی ئێران لە هێرشەکانمان بەردەوام دەبین

16:22 - 19 رەشەمه 2725

پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی تا کاتی تێکشکانی یەکجاریی کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکان ناوەستێت و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئەمریکایی بە دەستی ئەم ڕێژێمە دڕندەیە کوژراون.

 

هێگسێت ڕەخنەی توندی لە هەوڵەکانی ئێران گرت بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بە مەبەستی بە بارمتەگرتنی جیهان و باسی لەوە کرد کە ئێستا توانای سەربازی ئەو وڵاتە بەتەواوی لاواز بووە.

وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختی کردەوە کە هێزەکانیان بە وردییەکی بێپێشینە سەکۆکانی مووشەک و هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و ئەمڕۆش وەک گرینگترین ڕۆژی هێرشەکان بۆ نێوخۆی خاکی ئێران هەژمار دەکرێت.

 ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا ساڵی ٢٠٠٣ نییە و نە تڕامپ و نە نەوەی نوێی سەربازانی ئەمریکا، ڕێگە نادەن دووبارە بکەونە نێو زۆنگاوی شەڕێکی وەک ئەوەی عێراقەوە.

 لە کۆتاییدا هێگسێت باسی لەوە کرد کە ئێران لە نێو قوتابخانە و نەخۆشخانەکانەوە مووشەک ئاراستەی هاوپەیمانانی ئەمریکا دەکات، بەڵام ئێستا تەنانەت هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئێرانیش پشتیان تێکردووە.