کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوێندخواردن بۆ یەکپارچەیی خاک و دەسەڵاتی ناوەندخوازی، یان ڕێزگرتن لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد؟

19:24 - 17 رەشەمه 2725

محەمەدساڵح قادری

 

پێشەکی:

باسێکی بەردەوام و سواو کە بەردەوام لە میدیا فارسییەکاندا، بەتایبەت لە کەناڵی «ایران انترناشناڵ" و "بی بی سی"ی فارسی و "صدای آمریکا" لە وتووێژ لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد دەکرێ و وەک مەرجێک بۆ کاری هاوبەش لە ئاستی سەراسەریدا بەتایبەت لەگەڵ پاشایەتیخوازەکان دێتە گۆرێ ئەوەیە: "ئایا ئێوە پابەندیی خۆتان بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران و جیانەبوونەوە دووپات دەکەنەوە؟"، "ئایا داخوازیی گەلی کورد بۆ مافە نەتەوەییەکانی، مەترسی نییە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران؟" و ... .

ئەم پرسیارانە بە جۆرێک دادەڕێژرێن کە لە ڕواڵەتدا وەک بابەتێکی ڕەوا و بێلایەن دەربکەون، بەڵام لە ڕاستیدا ڕیشەی ئەم تێڕوانینە لە عەقڵییەت و گوتاری ناوەندخوازانە و پاوانخوازیی ناسیۆنالیزمی باڵادەستی فارسەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم نووسینە هەوڵ دەدا تیشک بخاتە سەر نێوەرۆک و ئامانجی ورووژاندنی ئەم باسە سواوە.

ئەوەی کەمە زانیارییەکی لەسەر مێژووی هاوچەرخی ئێران هەبێ، لێی ڕوونە کە ڕەزاخانی میرپەنج کە دامەزرێنەری پاشایەتیی پەهلەوی بوو، لە پێناو چەسپاندنی دەسەڵاتە دیکتاتۆری و ناوەندگەرایەکەیدا، چ تاوانێک نەما دەرهەق بە کورد نەیکات. لە تێرۆرکردنی سمکۆی شکاک و شەهیدکردنی تێکۆشەرانی ڕاپەڕینی ئاراراتەوە بگرە، تا کۆچی زۆرەملێی کوردانی ناوچەی ماکۆ بۆ شوێنە دوورەدەستەکان، لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی ئیلام و لوڕستان ڕا بگرە هەتا کوشتنی چەندین سەرۆک‌هۆزی کورد لەو ناوچانە. هەروەها لە سەردەمی محەممەڕەزاشای کوڕیشیدا ڕووخاندنی کۆماری کوردستان و حکوومەتی میللیی ئازەربایجان، لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی و دەیان تاوانی دیکە دەرهەق بە خەڵکی کوردستان کراون. بۆیە ئێستا حەق وایە کوڕی محەممەڕەزاشا کە وەک ئەکتەرێکی سیاسی بۆ سەرۆکایەتیی ئێرانی داهاتوو خۆی پێشان دەدات، لەبری ئەو مەرجانەی بۆ ئەم و ئەوی دادەنێ پێش هەموو شتێک داوای لێبوردن لە کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بکات و شەرمەزاریی خۆی بەرامبەر بەو مێژووە ڕەش و پڕ لە تاوانەی باب و باپیری دەرببڕێت، نەک داوا لە کورد بکات بەڵێنی پاراستنی یەکپارچەیی دەسەڵاتەکەی پێ بدەن.

لێرەدا دەکرێت بڵێین نیگەرانیی کوڕی شا پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران نییە، بەڵکوو مەبەستی پاراستنی پاوانخوازیی دەسەڵاتی ناوەندگەرا و نکۆڵیکردن و خۆدزینەوەیە لە دانپێدانان بە مافە یەکسانەکانی نەتەوەکانی ناو جوگرافیای سیاسیی ئێران. ئەگەر ئەو داخوازیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد بە "جیاییخوازی" لە قەڵەم بدات، پێویستە ئەوە بزانرێت سەربەخۆییخوازی لە وڵاتێکدا کە بەردەوام سەرکوت دەکرێی و بە هاونیشتمانی داناندرێی، نەک هەر تاوان نییە، بەڵکوو مافێکی ڕەوای کوردە. بەتایبەت کە مافی سەربەخۆییخوازی لە دەیان بەڵگەنامە و جاڕنامەی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دانی پێدا نراوە.

 

بزووتنەوەی کوردستان جیاخوازییە، یان مافخوازی؟

لە گوتاری ناوەندخوازدا، هەر داواکارییەکی ڕەوای نەتەوەی کورد بە «جیاییخوازی» ناو دەبرێت و ئەوەش دەکەنە بنەمایەک بۆ ڕەوییدان بە سەرکوتکردنی. بەڵام لە تێڕوانینی یاسای نێودەوڵەتیدا، داواکردنی فیدراڵیزم، خودموختاری (خۆبەڕێوەبەری) یان تەنانەت سەربەخۆیی، نەک هەر تۆمەتی جیاییخوازییان ناخرێتە پاڵ، بەڵکوو هەموویان شێوازێکی دانپێدراوی یاسایین بۆ پیادەکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس. ئەوەی نایاسایی و ناڕەوایە؛ سەرکوتکردن، نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و بەکارهێنانی هێزە بۆ سەپاندنی «تاک‌ناسنامەیی» لەلایەن دەسەڵاتە دیکتاتۆرە ناوەندخوازەکانەوە.

لێرەدا ئەوەی پشتگوێ دەخرێت، بەرپرسیارێتیی مێژوویی و سیاسیی ئەو دەسەڵاتانەیە کە لە ڕواڵەتدا خۆیان بە پارێزەری «یەکپارچەیی» دەناسێنن، بەڵام لە کردەوەدا بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی هەڵاواردن و نکۆڵیکردن لە مافی یەکسانیی نەتەوەکان، گەورەترین مەترسییان بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و یەکپارچەیی خاکی ئێران دروست کردووە.

 

یەکپارچەیی خاک لە گوتاری سیاسی و یاساییدا:

مافی دیاریکردنی چارەنووس لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا، یەکێکە لە توخمە بنەڕەتییەکانی پرەنسیپی مافی نەتەوەکان بۆ بڕیاردان لەسەر پاشەڕۆژی خۆیان بەبێ جیاوازی. واتە ئەمە مافی هەر نەتەوەیەکە کە دەوڵەتی سەربەخۆی نیشتمانیی خۆی دابمەزرێنێت، یان ببێتە بەشێک لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی دێموکراسی. ئەم بابەتەش ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە نەهێشتنی دەسەڵاتی ڕێژیمی داگیرکەر و دیکتاتۆرەوە هەیه. لە چەندین بەڵگەنامەی نێودەوڵەتیدا، وەک جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٧٠دا و هەروەها جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، بە ڕوونی ئاماژە بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان بەبێ جیاوازی دراوە و وەک بنەمایەکی سەرەکیی یاسا نێونەتەوەییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوە ژێردەستەکان پەسند کراوە.

هەروەها پێشتریش لە پەیماننامەی ئەتڵەسیدا (١٩٤١) پێداگری لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە ژێردەستەکان کراوەتەوە. ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی ١٩٥٠دا، دانی بەو مافەدا ناوە. بەم شێوەیە، ناساندنی مافی دیاریکردنی چارەنووس وەک پرەنسیپێکی سەرەکیی یاسای نێودەوڵەتی جێگیر کراوە. بڕیارنامەکانی ژمارە ٢١٣١، ٣٤٢١/٣٠، ٢٢٤٥/٢٩، ٣٣٨٢/٣٠ی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بە ژمارە ٥٤٥ و ٦٣٧ لە ساڵی ١٩٥٢ و بڕیاری ژمارە ١٥١٤، لەم بارەیەوە زۆر ڕوونن؛ هەموو نەتەوەیەک بۆی هەیە بەوپەڕی ئازادییەوە خاوەنی دەستووری سیاسیی خۆی بێت و بڕیار لەسەر چارەنووسی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری و کارگێڕیی خۆی بدات، دەبێت وڵاتانی خاوەن سەروەرییش ڕێز لەو بڕیارە بگرن.

نێوەرۆکی کۆی ئەو بڕیارانە لە یەک خاڵی هاوبەشدا کۆ دەبنەوە، ئەویش ئەوەیە: هەر گرووپێکی مرۆیی تایبەت، تەنانەت ئەوانەی لەناو سنووری دەوڵەتێکی سەربەخۆشدا دەژین، مافی ئەوەیان هەیە بە شێوەیەکی ئازادانە و بەبێ جیاوازی بڕیار لەسەر دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بدەن. ئەرکی دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکانیشە ڕێز لەو بڕیارە بگرن و هەر چەشنە دژایەتییەک بەرامبەر بەو مافانە، بە پێشێلکردنی یاسا پەسندکراوە نێودەوڵەتییەکان ئەژمار دەکرێت.

پێویستە مافی نەتەوەکان لەنێو دەوڵەتێکی فرەنەتەوەی وەک ئێراندا بە جۆرێک بچەسپێنرێت کە هەموو نەتەوەکان بتوانن سیستەمی سیاسیی خۆیان هەبێت و مافی بەرگریکردن لە خۆیان و بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە زۆرداری و چەوسانەوەیەکی نەتەوایەتییان هەبێت. تەنیا ئەو کاتە بناغەی ڕێککەوتن و پێکەوەژیانی دادپەروەرانە و ئاشتییانە لەنێوان نەتەوەکاندا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتووی فرەنەتەوەدا سەر دەگرێت. یەکگرتن لەناو دەوڵەتێکی سەربەخۆدا، بەپێی بڕیاری ژمارە ١٥٤١/١٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت بە ڕەزامەندی و یەکسانیی تەواوی نێوان نەتەوەکان بێت. پێویستە هەموو نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەو یەکێتییە، دەستوورێکی یەکسان و مافی هاونیشتمانیبوونی وەک یەکیان بەبێ جیاوازی هەبێت. هەموویان دەبێت بەپێی دەستووری گشتی، بوار و دەرفەتی یەکسانیان بۆ نوێنەرایەتی و بەشداری لە هەموو ئاستەکانی دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریدا هەبێت. بەپێی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەربەخۆیی نەتەوەکان نابێت تەنیا لە ڕەهەندی سیاسییەوە کورت بکرێتەوە، بەڵکوو دەبێت لە ڕەهەندی ئابووریشەوە بە هەمان شێوە پەیڕەو بکرێت؛ چونکە سەربەخۆیی سیاسیی نەتەوەکان ڕاستەوخۆ بە سەربەخۆیی ئابوورییەوە بەستراوەتەوە، کە ئەمەش توخمێکی سەرەکیی نێوەرۆکی مافی دیاریکردنی چارەنووسە.

بەپێی ماددەی ١ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامەی ١٥١٤ی ساڵی ١٩٦٠، مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکان بە دوو ڕەهەند پێناسە دەکرێت:

١. نێوخۆیی: مافی گەلان بۆ بەشداریی سیاسیی یەکسان و دادپەروەرانە لە سیستەمی فەرمانڕەواییدا.

٢. دەرەکی: لە کاتێکدا نەتەوەیەک بە شێوەیەکی سیستماتیک لە مافە بنەڕەتییەکانی بێبەش دەکرێت و دەوڵەت نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان ناکات، مافی جیابوونەوە وەک بژاردەیەکی یاسایی دێتە کایەوە.

پڕەنسیپی یەکپارچەیی خاک بۆ پاراستنی وڵاتانە لە دەستێوەردانی دەرەکی، نەک وەک پاساوێک بۆ بێبەشکردنی گەلان لە نێوخۆدا. جاڕنامەی ١٩٧٠ی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونی دەکاتەوە کە تەنیا ئەو دەوڵەتانە مافی پاراستنی یەکپارچەیی خاکیان هەیە کە خاوەنی حکومەتێکی نوێنەرایەتیکار بن و جیاکاری لە نێوان گەلەکانیاندا نەکەن. بەم پێیە بێت، ئەگەر مەترسییەک لەسەر «پاراستنی خاک» هەبێت، دەبێت سەرەتا بەرۆکی دەسەڵاتەکان بگرێت، نەک نەتەوە ژێردەستەکان کە بۆ وەدیهێنانی سەروەری و مافە ڕەواکانیان خەبات دەکەن. خەبات بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی و لە جاڕنامەی ١٩٧٠ی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک مافێکی ڕەوا دەستنیشان کراوە. ئەم بنەمایە جەخت لەم خاڵانە دەکاتەوە:

١. هەر نەتەوەیەک مافی هەیە بە ئازادی بڕیار لەسەر سیستەمی سیاسی و داهاتووی خۆی بدات.

٢. لە دەوڵەتە فرەنەتەوەکاندا، یەکگرتن تەنیا کاتێک ڕەوایەتیی هەیە کە لەسەر بنەمای «ڕەزامەندی» بێت، نەک سەرکوت.

٣. دەبێت یەکسانیی سیاسی و ئابووری هەبێت و هەموو جۆرە چەوسانەوە و ناوەندگەرایییەک وەلابنرێت.

 

بابەتی لەدەستدانی خاک:

سەبارەت بە پرسی یەکپارچەیی خاکی ئێران، دەبێت ڕەزای پەهلەوی پێش هەموو کەس و لایەنێک، باب و باپیری خۆی تاوانبار بکات کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا چەندین پارچە لە خاکی ئێرانیان بە وڵاتانی دیکە بەخشیوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕەزاشای پەهلەویدا، بەشێک لە خاکی ئێران بە شێوەیەکی فەرمی یان لە ڕێگەی ڕێککەوتننامە سنوورییەکانەوە بە وڵاتانی دراوسێ بەخشرا یان لە دەست درا. لە سەرچاوە مێژوویی و سیاسییەکانی ئێراندا، ئەم بابەتە زۆرجار بە "بەخشینی خاک" (واگذاری خاک) ناوزەد دەکرێت. زۆربەی ئەم گۆڕانکارییانە لە چوارچێوەی "ڕێککەوتنی سنووری"دا بوون؛ بە جۆرێک کە ئێران ڕووبەرێکی زۆری لە خاکەکەی بەخشیوە و لە بەرامبەریشدا یان هیچ دەستکەوتێکی نەبوو، یان تەنیا ڕووبەرێکی زۆر کەمی وەرگرتووە. با ئاوڕێک لە مێژووی دەسەڵاتی پەهلەوی بدەینەوە کە چۆن خاکی وڵاتیان پارچەپارچە کردووە:

١. سەردەمی ڕەزا شا (١٩٢٥–١٩٤١):

لە ساڵی ١٩٣٠ لەسەر داوای دەوڵەتی تورکیە و بە مەبەستی گەمارۆدانی ناوەندی ڕاپەڕینی کوردان لە ئارارات و تێکشکاندنی جووڵانەوەی کورد، ئەم ناوچە ستراتیژییەی پێشکەش بە تورکەکان کرد، تاوەکوو هێزەکانی تورکیە بتوانن لە دیوی ئێرانەوە هێرش بکەنە سەر شۆڕشگێڕانی کورد و گەمارۆیان بدەن. سەرەنجام ناوچەی «ئاراراتی بچووک» و دەوروبەری لە ساڵی ١٩٣٢دا بەپێی ڕێکەوتنێکی سنووری بە فەرمی دران بە تورکیە.

ڕەزاشا سەبارەت بەم سازشە مێژووییە گوتبووی: «گرنگیی ئەم تەپۆڵەیە نییە، ئەوەی گرنگە دۆستایەتیی تورک و ئێرانییە». ئەم بڕیارە لە مێژووی ئێراندا وەک یەکێک لە گەورەترین خیانەتەکانی ڕەزاشا بۆ پارچەکردنی خاکی وڵات و هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیە بۆ لەنێوبردنی سەرهەڵدانی ئاراراتی کوردەکانە.

٢. ناوچە سنوورییەکانی باکووری ڕۆژهەڵات (گوندەواری فیرووزە):

هەرچەندە لە سەردەمی ڕەزاشادا هیچ واژۆیەکی نوێ بۆ دابڕانی ئەم ناوچانە نەکرا، بەڵام ئەو ناوچانەی لە سەردەمی قاجارەکانەوە لەلایەن ڕووسیەوە داگیر کرابوون (وەک ناوچەی فیرووزە لە تورکمانستانی ئێستا)، هیچ هەوڵێکی جیدی بۆ گەڕاندنەوەیان نەدرا. بە پێچەوانەوە، بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی "بێدەنگیکردن"، مەلەفی ئەم ناوچانە داخرا و بە فەرمی لەدەست چوون، کە دواتر لە سەردەمی محەممەدڕەزا شای کوڕیدا ئەم دابڕانە کۆتایی پێ هات.

٣. لە پەیماننامەی سەعدئاباد (١٩٣٧)دا:

بەشێک لە ناوچەی «دەشتی نائومێد» بە ئەفغانستان سپێردرا. لەو پەیماننامەیەدا نزیکەی ٣ هەزار کیلۆمەتری دووجا لە خاکی ڕۆژهەڵاتی ئێران بە ئەفغانستان بەخشرا. ئەم بڕیارە لە کاتێکدا بوو کە ئێران هیچ بەرژەوەندییەکی ئابووری یان مافێکی ئاویی لە ڕووباری هیرمەند دەست نەکەوت. دواتر ئەفغانستان بە دروستکردنی بەنداو لەسەر ئەو ڕووبارە، پشکی ئاوی ئێرانی کەم کردەوە و کێشەیەکی گەورەی بۆ ناوچەی سیستان دروست کرد.

 

ڕووداوە سنوورییەکان لە سەردەمی محەممەدڕەزا شادا:

١. لە سەردەمی محەممەدڕەزا شا (١٩٤١–١٩٧٩)دا: بەشێک لە خاکی ئێران بە فەرمی لەدەست چوو یان بەپێی ڕێککەوتن ڕادەستی وڵاتانی تر کرا. جیاکردنەوەی «بەحرەین» (١٩٧١) وەک گەورەترین پاشەکشە لە خاکی ئێران تۆمار کرا. سەبارەت بە پرسی بەحرەین؛ لە سەردەمی ڕەزاشادا ئێران هێشتا داوای گەڕاندنەوەی دەکرد و بە فەرمی دەستبەرداری نەببوو، بەڵام فشارێکی کردەیی و جیددیشی بۆ نەدەهێنا. جیابوونەوەی فەرمیی بەحرەین لە ساڵانی ١٩٧٠-١٩٧١ و لە سەردەمی محەممەدڕەزا شادا ڕوویدا. ئەمە گەورەترین و ناسراوترین حاڵەتی "لەدەستدانی خاک" بوو لەو سەردەمەدا.

بەحرەین لە سەردەمی قاجارەوە لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بوو، بەڵام ئێران هەمیشە وەک بەشێک لە خاکی خۆی دەیناساند و لە سەردەمی شادا وەک "پارێزگای چواردەیەم" ناو دەبرا. ساڵی ١٩٦٨، شا لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: "ئەگەر خەڵکی بەحرەین نەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ئێران، ئێمە بە زەبری هێز نایانگەڕێنینەوە."

٢. ڕێککەوتننامەی ئەلجەزائیر ١٩٧٥: ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ حکوومەتی عێراق واژۆ کرا کە ئامانجەکەی مامەڵەکردن بوو بە شۆڕشی ئەیلوول و بارزانییەکانەوە. شا لە بەرامبەر بڕینی هاوکارییەکانی بۆ شۆڕشی کورد، توانی دانپێدانانی عێراق بۆ "هێڵی تاڵڤێگ" (هێڵی ناوەڕاستی شەتولعەرەب) بەدەست بهێنێت. هەروەها بەشێکی بچووکی خاکی ئێرانی (نزیکەی ٣٠٠–٥٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ناوچەکانی زەینەلکەوس و سەیف سەعد) بۆ عێراق گەڕاندەوە. دواتر سەدام حوسێن لە ساڵی ١٩٨٠ ئەم ڕێککەوتننامەیەی هەڵوەشاندەوە، کە بوو بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵگیرسانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق.

٣. لە ڕێککەوتنە سنوورییەکانی نێوان ئێران و یەکیەتیی سۆڤیەت (١٩٥٧–١٩٥٨ز / ١٣٣٦–١٣٣٧ی ک.هـ). لەو ڕێککەوتننامەیەدا شارۆچکەی "فیروزە" کە پێشتر لەلایەن سۆڤیەتەوە داگیر کرابوو، بە فەرمی بەو وڵاتە بەخشرا و لە خاکی ئێران جیا کرایەوە.

شایانی باسە زۆربەی ئەم گۆڕانکارییانە لە ڕێگەی "سازشی سیاسی و دیپلۆماسی"یەوە بوون، نەک بەهۆی جەنگ و داگیرکاریی سەربازییەوە. زۆرێک لە مێژوونووسان و ڕەخنەگران ئەم هەنگاوە وەک "بەخشین" یان "خیانەت" ناو دەبەن؛ چونکە شا لە ژێر فشاری بەریتانیا و وڵاتانی عەرەبیدا بە ئاشکرا دەستی لێ هەڵگرت.

لێرەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت، بەپێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندەیەی ناوەندخوازەکان کە کورد بە مەترسی بۆ سەر خاک دەزانن، مێژوو ئەوە دەسەلمێنێت کە دەسەڵاتە ناوەندخوازەکان، پرسی یەکپارچەیی «خاک»یان تەنیا وەک کارتێکی گوشار بۆ مانەوە لە دەسەڵات بەکار هێناوە، نەک وەک پیرۆزییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی. پرسی یەکپارچەیی خاکی ئێران و داخوازییە سیاسییەکانی گەلی کورد، دوو بابەتی لێک جیاوازن. «مافی دیاریکردنی چارەنووس» وەک پڕەنسیپێکی بنەڕەتی لە یاسای نێودەوڵەتیدا ناسراوە. گوتاری ناوەندخواز بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاک، زیاتر ئامرازێکی سیاسی بووە بۆ سەرکوت، نەک پارێزگاری لە سەروەریی نیشتمانی؛ چونکە مێژووی دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران پڕە لە دەستبەرداربوون لە خاک بۆ بەرژەوەندیی مانەوەی دەسەڵات.

 

پوختەی باسەکە:

ئەزموونە مێژووییەکان سەلماندوویانە کە کاریگەرترین ئامراز بۆ لەنێوبردنی داگیرکاری، ژێردەستەیی و تواندنەوە، لای بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکان بریتییە لە ڕاپەڕینی جەماوەری و گرتنەبەری هەموو شێوازەکانی بەرگریی ڕەوا، بە خەباتی چەکداریشەوە، لەپێناو ڕزگاریی نەتەوە و نیشتمانەکەیان. ئەم شێوازە خەباتەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی سەردەم ڕەوایەتیی پێ دراوە و ئەم ڕەوایەتییەش لە بەرهەڵستیکردنی ستەم، نادادی و داگیرکاریی دوژمنەوە سەرچاوە دەگرێت. لەم پێوەندییەدا شیاوی باسە کە دەقە یاساییە نێودەوڵەتییەکان بە ڕوونی هەڵگیرساندنی شەڕ و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان شەرمەزار دەکەن، بەڵام تەنیا شەڕێکی ڕێگەپێدراوی یاسایی لە بارودۆخی ئەمڕۆدا، شەڕی خۆپاراستنی ڕەوای نەتەوەکانە. بەپێی ئەو یاسایانە، لە هەندێک بارودۆخی تایبەتدا ڕێگە بە بەکارهێنانی هێزی چەکداری دراوە، بە مەرجێک لەگەڵ ئامانجە ڕەواکانی بزووتنەوەکەدا بگونجێت. بەو پێیە، یاسای نێودەوڵەتی ڕێگە بە هەر نەتەوەیەک دەدات لەپێناو پاراستنی ژیان، سەربەخۆیی نیشتمان، سامان و سەرچاوە سروشتییەکانی، دژ بە داگیرکەران پەنا بۆ خەباتی چەکداری ببات. بە کورتی، لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس، بەدەر لە کردەوەی تێرۆریستی، ڕێگای یاسایی بۆ بەکارهێنانی هەموو شێوازێکی خەباتی ڕەوا بە چەکداریشەوە بۆ بزووتنەوەکان واڵایە.

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی هەر نەتەوەیەک، بە بەرپاکردنی ڕاپەڕین و خۆڕێکخستن لە ناوچەیەکی ڕزگارکراوی نیشتمانەکەیدا، دەکرێت وەک قەوارەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی بناسرێت و لەسەر ئاستی جیهانی دەرفەتی پێ بدرێت نوێنەرایەتیی خواستەکانی خۆی بکات.

 

ئەنجامگیری:

پێویستە پرسیارەکە بەم شێوەیە ئاراستە بکرێت: مەترسیی ڕاستەقینە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران کێیە؟ ئەو نەتەوەیەی داوای مافە سەرەتاییەکانی دەکات، یان ئەو دەسەڵاتەی بە ناوی یەکپارچەیی، هەموو چەشنە چەوسانەوەیەک پەیڕەو دەکات؟ پێویستە بزانرێت یەکپارچەیی بە زۆرەملێ و بە سوێندخواردن، تەمەنی کورتە؛ بەڵام یەکگرتن لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی، پایەدار و بەردەوام دەبێت.

مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ کوردەکان تاوان نییە، بەڵکوو بنەمایەکی یاسایی و ئەخلاقییە بۆ پێکەوەژیانێکی نوێ و ئارەزوومەندانە. ئاشتی و یەکپارچەیی تەنیا ئەو کاتە بەدی دێت کە مافی گەلان بەبێ جیاوازی و هەڵاواردن بە فەرمی بناسرێت و یەکگرتن بە ڕەزامەندی بێت، نەک بە زەبری هێز و سوێندی درۆینە. بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی سیاسی لە ئێراندا، پێویستە گوتاری «سوێند بۆ یەکپارچەیی» شوێنی خۆی بۆ گوتاری «ڕێزگرتن لە مافەکان» چۆڵ بکات. چارەسەری سیاسی لە سیستەمێکی دیموکراسی و فرەنەتەوەدایە کە تێیدا یەکگرتن نەک بە زۆرەملێ، بەڵکوو لەسەر بنەمای پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێ بونیات بنرێت.

***

سەرچاوەی یاسایی:

د. ئیبراهیم شێخ مەحموود، چارەسەری کێشەی گەلی کورد لەبەر ڕۆشنایی پرەنسیپی مافی بریاردانی چارەی خۆنووسینی گەلاندا