کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: زیاتر لە پێنج هەزار ئامانج لە نێوخۆی ئێران پێکراون

13:37 - 19 رەشەمه 2725

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ئاماری دە ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلی لە دژی ئێران بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ''تووڕەیی حەماسی'' کە لە ٩ی ڕەشەممە بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ دەستی پێکرد، زیاتر لە پێنج هەزار ئامانج لە سەرتاسەری ئێران پێکراون.

سێنتکام ڕایگەیاندووە کە لە کاتژمێرە سەرەتاییەکاندا، عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ژمارەیەک لە بەرپرسان و فەرماندە باڵاکانی سەربازی کوژراون. هەروەها ئاماژە بە تێکشکاندنی پتر لە ٥٠ کەشتیی جەنگیی ئێران کراوە.

ئامانجە سەرەکییەکان پێکهاتبوون لە ناوەندەکانی بڕیاردان، بارەگاکانی سپای پاسداران، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، بنکە مووشەکییەکان، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی دڕۆن و بنکەکانی هێزی ئینتزامی.

دۆناڵد ترامپ وێڕای جەختکردنەوە لە بەردەوامیی ئەم هێرشانە بە دژی ئێران، ئۆپەراسیۆنەکەی وەک ئەرکێکی کورتخایەن وەسف کردووە کە ئامانج لێی تێکشکاندنی توانای سەربازیی ئەو وڵاتەیە لە ناوچەکەدا.