کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێت‌ بلاکس: خەڵکی ئێران یەک لەسەر سێی ساڵی ٢٠٢٦یان بەبێ ئینتێرنێت بەڕێ کردووە

12:29 - 19 رەشەمه 2725

نێت‌ بلاکس، دامەزراوەی جیهانیی چاودێریی ئینتێرنێت ڕایگەیاند کە پچڕانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتێرنێت لە ئێران ٢٤٠ کاتژمێری تێپەڕاندووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٦دا بۆ ماوەی پتر لە سێ مانگ دەستی خەڵکی لە جیهانی دەرەوە بڕیوە، ئەمەش وەک یەکێک لە توندترین جۆرەکانی سانسۆر لە مێژووی دیجیتاڵیدا ئەژمار دەکرێت.

 لە ئێستادا ئاستی دەستڕاگەیشتنی خەڵکی ئاسایی تەنیا ١٪ـە، کە ئەمەش نیشانەی گەمارۆیەکی توندی زانیارییە لە نێوخۆی وڵاتدا.

بڕانی ئینتێرنێت تەنیا پرسێکی تکنیکی نییە، بەڵکوو ژیانی ڕۆژانەی میلیۆنان هاووڵاتیی تووشی ئیفلیجی کردووە. لە تاران و شارە گەورەکان، بازاڕ و کاسبیی ئانلاین بەتەواوی داڕماوە و خەڵک بۆ وەرگرتنی بچووکترین خزمەتگوزاریی بانکی یان پەیوەندییەکی سادە لەگەڵ کەسوکاریان لە دەرەوە، تووشی کێشەی جددی بوونەتەوه.

پچڕانی بەردەوامی ئینتێرنێت ژیانی میلیۆنان هاووڵاتی ئێرانی ڕووبەڕووی چەقبەستووییەکی ترسناک کردووەتەوە و کۆمەڵگەی گەیاندووەتە لێواری داڕمان.

خەڵک لەنێو زیندانێکی بێدەنگدا دەژین کە تێیدا هەموو دەرگاکانی پێوەندییان بە ڕوودا داخراوە و دەنگیان بە هیچ شوێنێکی جیهان ناگات، ئەمەش ترسێکی قووڵی لای هاووڵاتییان دروست کردووە کە لە سایەی ئەم بێدەنگییە ئەلیکترۆنییەدا، سەرکوتکارییەکان بە بێ چاودێری نێودەوڵەتی توندتر ببنەوە.