کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئێستا لە ڕێگەی دەریاوە چەک بۆ حیزبوڵڵا دەنێرێت

10:34 - 20 خاکەلێوه 2725

کاناڵی ئەلعەرەبییە لە زاری سەرچاوەیەکی ڕۆژاواییەوە بڵاوی کردەوە، دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە، ڕێژیمی ئێران شێوازی ناردنی چەک بۆ حیزبوڵڵای لە لوبنان گۆڕی و ئێستا لە ڕێگەی دەریاوە، لە ڕێگەی بەندەری بەیرووتەوە چەک بۆ حیزبوڵڵا دەنێرێت.

بە وتەی ئەلعەرەبییە، ئەم ستراتێیژییە نوێیە دەرئەنجامی ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و ئەو سنووردارکردنە ئاسمانییەیە کە سپای قودس ڕووبەڕووی بووەتەوە و لە ڕابردوودا بەکاری دەهێنا.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، یەکەکانی ١٩٠ و ٧٠٠ بەرپرسیاریەتیی گواستنەوەی چەکوچۆڵیان لە ئەستۆیە، حیزبوڵڵا هێشتا تۆڕی مەئموورەکانی لە بەندەری بەیرووت پاراستووە و کۆنتڕۆڵکردنی بەندەری بەیرووت لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی چەک بۆ لوبنان دەکات.

سەرچاوەیەکی ڕۆژاوایی داوای لە حکوومەتی لوبنان کرد ڕێوشوێنی بەپەلە لە دژی پلانەکانی حیزبوڵڵا لە بەندەری بەیرووت بگرێتەبەر. ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە کە ئەم چالاکییانە مەترسی لەسەر وەبەرهێنانی بیانی لە لوبنان دروست دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، کاناڵی ''ئێڵ بی سی''ی لوبنانی بڵاوی کردەوە، لە دوای پێکهێنانی کۆمیتەی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست لە لوبنان، ئەرتەشی ئەو وڵاتە نزیکەی پێنج سەد ژێرخانی سەربازی و کۆگای چەکی حیزبوڵڵای لوبنان لە باشووری ڕووباری لیتانی دۆزیوەتەوە و لەنێوی بردووە.