کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەیی حیزبوڵڵا بۆ دانوستان لەسەر ڕادەستکردنی چەکەکانیان

11:19 - 20 خاکەلێوه 2725

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی داواکارییەکان بۆ چەک داماڵینی حیزبوڵڵای لوبنان، بەرپرسێکی باڵای ئەو گرووپە بەو هەواڵدەرییەی ڕاگەیاندووە، ئەگەر ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بکشێتەوە و هێرشەکانی ڕابگرێت، حیزبوڵڵا ئامادەیە لەگەڵ سەرکۆماری لوبنان لەسەر چەکەکانی قسە بکات.

بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل لە پێنج ناوچە بکشێتەوە و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر لوبنان ڕابگرێت، ئەو گرووپە ئامادەیە لە چوارچێوەی ستراتێژیی بەرگریی نیشتمانی لەسەر چەکوچۆڵ وتووێژ بکات.

سێ سەرچاوەی سیاسیی لوبنان بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە، جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، بەنیازە بەم نزیکانە وتووێژ لەگەڵ حیزبوڵڵا سەبارەت بە جبەخانەکانی ئەو گروپە دەست پێ بکات.

ناوبراو لە سەرەتای خولی سەرکۆمارییەکەی لە مانگی ژانوییەدا، بەڵێنی دا کۆنترۆڵکردنی چەک لە وڵاتدا لە دەستی حکوومەتدا بێ.

گفتوگۆکان سەبارەت بە چەکداماڵینی حیزبوڵڵا دوای ئەوەی هاوسەنگیی هێز لە دوای شەڕی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ئیسرائیل و دەرکردنی بەشار ئەسەد گۆڕا، چڕتر بووەتەوە.

حیزبوڵڵا لە کاتی ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٤ بە توندی لاواز بوو؛ زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانی و هەزاران کەس لە هێزەکەی کوژران و بەشێکی زۆری جبەخانە مووشەکییەکەی لەنێو برا.