کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشخانەی شێرپەنجەی کرماشان؛ ٩ ساڵ چاوەڕوانی بۆ کرانەوە

11:31 - 20 خاکەلێوه 2725

ساڵانێکە هاووڵاتییانی کرماشان چاوەڕێی کرانەوەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شێرپەنجە لەم پارێزگایەن. پڕۆژەیەک کە ساڵی ١٣٩٥ دەستی پێ کرد، بەڵام ئێستا دوای نزیکەی دە ساڵ، هێشتا لە ناو گێچەڵی بەڵێنە بێبنەماکانی کاربەدەستاندا ماوەتەوە.

دروستکردنی نەخۆشخانەی ١٢٠ قەرەوێڵەیی شێرپەنجەی کرماشان لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوییەوە دەستی پێ کرد، پرۆژەیەک کە بڕیار بوو لە ماوەی دوو تا سێ ساڵدا تەواو بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئێستا نزیکەی دە ساڵە هێشتا هەر لە قۆناغی وادە و بەڵێندا ماوەتەوە.

بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو، بەرپرسانی جۆراوجۆر، لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانەوە تا دەگاتە پارێزگار و وەزارەتی تەندروستی هەرجارە بەڵێنێکیان داوە و لە ساڵی ١٣٩٩هەتا ١٤٠١ لە هاوینی ١٤٠٢ تا بەهاری ١٤٠٣و  ئێستاش لە بەهاری  ١٤٠٤، هێشتا هیچ هەواڵێک لە کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە نییە.

سەردانی وەزیری تەندروستیی ئەوکاتی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٤٠١ و تەرخانکردنی بوودجەی ٧٠ میلیارد تمەنی بۆ تەیارکردنی نەخۆشخانەکە بە ئامێرە پێشکەوتووەکانی وەک ڕادیۆتراپی و پەت سکەن و بەدواداچوونی بەرپرسانی باڵای پارێزگاکان بە پارێزگاریشەوە، نەیانتوانیوە ئەم پرۆژەیە لە خەوی بەڵێنە بێ بنەماکان بەئاگا بێننەوە.

لەم ساڵانەی دواییدا و لە سایەی بێباکیی درێژخایەن و خراپ بەڕێوەبەریی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، ئەم نەخۆشخانەیە تەنیا لە گۆڕینی ناوەکەیدا پێشکەوتنی بەدەست هێناوە و تا ئێستا ناوی ئەم نەخۆشخانە کە هەرگیز نەکراوەتەوە سێ جار لەلایەن بەرپرسانی ناکارامەی ڕێژیمەوە گۆڕدراوە.

هاوکات میلیاردها تمەن بۆ بیناسازی و کڕینی کەرەستە خەرج کراوە و تێچوو و کارنەکردنی ئەم نەخۆشخانەیە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیان و تەندروستیی تووشبووانی شێرپەنجە لە کرماشان و ناوچەکانی دەوروبەری داناوە.