
دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی سەرۆککۆماری ڕووسیە بە ئاماژەدان بە کەشی ئاڵۆزی نێوان تاران و واشنگتۆن ڕایگەیاند، ''ئەمریکا لە بەکارهێنانی هەڵوێستی توند بەردەوامە، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێوشوێنی ئەمنی و خۆپارێزی پێویست دەگرنەبەر.''
پێسکۆڤ زیاتر جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریکا گرژییەکان زیاتر پەرە پێ دەدات. پێویستە گرینگی بە وتووێژ و دیپلۆماسی بدرێت نەک هەڕەشە و گوشار.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ماریا زاخارۆوا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیەش ڕۆژی چوارشەممە هۆشداری دا کە هێرشکردنە سەر ئێران ڕێگە بۆ گەیشتن بە ئاشتی خۆش ناکات. ناوبراو هیوای دەربڕی کە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕێگری لە پەرەسەندنی قەیرانەکان بکات.
ترامپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هۆشداری دابوو ئەگەر ئێران دانوستانی ڕاستەوخۆ بۆ ڕێککەوتنی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی قەبووڵ نەکات لە بژاردەی نیزامی کەڵک وەردەگرێت.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئێران و ئەمریکا لە عومان وتووێژ بکەن.