کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا پێش دەسپێکی وتووێژەکان سزای نوێی بۆ کۆماری ئیسلامی دیاری کرد

10:55 - 21 خاکەلێوه 2725

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوە و پێش لە دەسپێکی وتووێژە ناوکییەکان، کۆمەڵێک سزای دیکەی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی گوشاری هەمەلایەنەی دەوڵەتی ئەمریکا، دیاری کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەم وەزارەتە، پێنج دامەزراوەی سەر بە کۆماری ئیسلامی، لەوانە ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران و شیرکەتی تێکنۆلۆژیی سانتریفیووژی "ئێران تێسا" و سێ دامەزراوەی دیکە و هەروەها کەسێک بە ناوی مەجید موسەلەت، بەڕێوەبەری شیرکەتی تێکنیکی و ئەندازیاریی "ئاتبین ئیستا" کە بە وتەی ئەم وەزارەتخانە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی پیتاندنی ئورانیۆم ڕۆڵی کاریگەریان هەیە، سزا دراون.

ئێسکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، لە ڕاگەیەندروەکەیدا وتوویەتی: "هەوڵە بێسەروبەرەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ وەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و مەترسی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و ئاسایشی جیهانییە".

ئەم سزایانە لەکاتێکدان کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێش دەسپێکی وتووێژە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا خوازیاری ئەوەن کە دەوڵەتی ئەمریکا زۆربەی گەمارۆکانی سەر تاران هەڵبوەشێنێتەوە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، تەنیا چەند ڕۆژ پاش هاتنەسەرکاری، فەرمانی گوشاری هەمەلایەنەی بۆ سەر تاران تاکوو گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی واژۆ کرد.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا پاش ئەم فەرمانە دەیان دامەزراوە و نەوتهەڵگر و کەسانی پێوەندیدار بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران و بەرنامە ناوکییەکانی، سزا داوە.