
لەگەڵ گەرمبوونی پێشوەختەی کەشوهەوای زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران، کارناسان باس لەوە دەکەن کە بڕی بەکارهێنانی کارەبا، بەهۆی دەستپێکردنی بەکارهێنانی کەرەستەی فێنککەرەوە لە هەندێک پارێزگا، لەوانەش باشووری ئێران، جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبادا دەبێت، کە لە گەشبینانەترین حاڵەتدا دەگاتە ٦٥ هەزار مێگاوات.
بەپێی ڕاپۆرتی ''ئیسنا''، پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی کارەبا لە هاویندا دەگاتە ٨٥ هەزار مێگاوات، ئەمەش "ناهاوسەنگییەکی مێژوویی" لەگەڵ جیاوازیی ٢٠ هەزار مێگاوات لە نێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێناندا دروست دەکات."
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو هەواڵدەرییە، ئامێری فێنککردنەوە ڕۆڵێکی ٣٥ هەزار مێگاواتیی لە زیادبوونی بەکارهێنانی کارەبادا هەیە. لە دۆخێکی وادا وشکەساڵی و قەیرانی کەمیی ئاو وای کردووە زۆرێک لە وێستگەکانی کارەبای ئاوی لە کار بکەون.
کەمیی کارەبا و پچڕانی درێژخایەنی کارەبا، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی پێیتەخت و باشووری ئێران، ناڕەزایەتیی خەڵک بەدوای خۆیدا دەهێنێت و بازرگانی و بەرهەمهێنان لە کارگە و پیشەسازییەکان پەک دەخات.
هاوینی ڕابردوو، ناهاوسەنگیی کارەبا گەیشتە نزیکەی ٢٠ هەزار مێگاوات، ئەمەش پچڕانی بەردەوامی کارەبای بەدواوە بوو. بەڵام بە وتەی کارناسان، ناهاوسەنگیی کارەبای ئەم هاوینە لە ٢٠ هەزار مێگاوات تێدەپەڕێت و لەوانەیە لە کاتی لووتکەی بەکارهێنانی کارەبا لە ناوەڕاستی هاویندا بگاتە ٢٥ بۆ ٢٩ هەزار مێگاوات.
ماڵپەڕی "مەسیری ئابووری" لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا پێشبینی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر بارودۆخی ئێستا لە ڕووی گەشەسەندنی سنووردار لە توانای بەرهەمهێنانی کارەبا و بەردەوام بێت، ئەوا ناهاوسەنگی کارەبا لە ئێران تا کۆتایی ئەم دەیە دەگاتە نزیکەی ٦١ هەزار مێگاوات.