
دوابەدوای زیادبوونی کۆچی پەرستارانی ئێرانی بۆ دەرەوەی وڵات، بەشێک لە نەخۆشخانەکانی تاران بە شێوەیەکی نایاسایی دەستیان بە دامەزراندنی پەرستاری بیانی کردووە.
ئەحمەد نەجاتیان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نیزام پەرستاری ڕایگەیاند کە ژمارەی کۆچکردنی پەرستارانی ئێرانی لە ساڵی ١٤٠٠ تا ١٤٠٢ دوو هێندە زیادی کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕەوتە لە گەشەکردندایە و زیادبوونی زیاتری لە ساڵی داهاتوودا جێگای نیگەرانییە.
نەجاتیان ڕایگەیاند کە نزیکەی ٢٠٪ی هێزی خوێندنی ساڵانەی زانکۆکانی پزیشکی و بەشی پەرستاری داوای کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن کە ئەم ڕێژەیە یەکجار زۆرە.
هەروەها هاوکات سەبارەت بە دامەزراندنی پەرستاری بێ مۆڵەتی بیانی لە بەشێک لە نەخۆشخانەکانی تاران ڕاپۆرتگەلێک بڵاو کراونەتەوە. نەجاتیان لەم پێوەندییەدا وتی: پەرستارانی بیانی لەو وڵاتە بە شێوەیەکی سەرەکی پەرستاری ئەفغانستانین کە زۆربەیان لە وڵاتی ئێران لە دایک بوون و لە زانکۆکانی ئێران خوێندوویانە. ناوبراو زیادی کرد: بەپێی یاسا ئەو پەرستارانە مافی کارکردنیان لە ئێران نییە و دەبێ مۆڵەت لە وەزارەتی کار وەربگرن.
لەم پێوەندییەدا سەلمان ئسحاقی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمانی مەجلیس لە زاری سەرۆکی ڕێکخراوی نیزامی پەرستارییەوە ڕایگەیاندووە کە ٣٠ پەرستاری بێ مۆڵەتی بیانی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران دامەزراون و جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ میکانیزمێک بۆ ڕێگریکردن لە دامەزراندنی پەرستاران نییە و داوای کرد وەزارەتی تەندروستی بۆ پێدانی مۆڵەت بەو پەرستارانە، مۆڵەت بە ڕێکخراوی نیزامی پەرستاری بدات.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە کەمیی پەرستار لە ناوەندە پزیشکییەکانی ئێراندا بووەتە قەیران و تەنانەت بە دامەزراندنی ١٠ هەزار پەرستاریش ئەو قەیرانە چارەسەر نابێت.
کۆچی پەرستارانی ئێرانی بۆ دەرەوەی وڵات لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کۆچکردنە بریتین لە کەمیی مووچە، خراپیی بارودۆخی کارکردن، و نەبوونی ئیمکاناتی خۆشبژێوی لە نێوخۆی ئێراندا و لە ئێستادا وڵاتانی وەک ئاڵمان و دانمارک کە ئیمکاناتی باشتر پێشکەش دەکەن، بوونەتە شوێنی سەرەکی بۆ مانەوەی ئەو پەرستارانەی کە کۆچیان کردووە.