کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عیرفان ڕەهنموون: ئاگایی نەتەوایەتییە کە بەرنامە و ڕێکاری خەباتکارانە دادەڕێژێ

16:54 - 21 خاکەلێوه 2725

عیرفان ڕەهنموون: ئاگایی نەتەوایەتییە کە بەرنامە و ڕێکاری خەباتکارانە دادەڕێژێ و دەتوانێ نەتەوەی ستملێکراو بە ڕزگاری و ئازادی شاد بکات

 

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاش ڕووداوی تێرۆریستی ٧ی ئۆکتۆبر، هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت شوێنی ململانێی زلهێزەکان بە تایبەت ئیسڕائیل لەگەڵ گروپە نیابەتییەکانی ڕێژیم بووە، ئاکامی ئەم دەستێوەردانانەی ڕێژیم لە ناوچەکەدا چی دەبێ و بەرەو کوێ دەڕوا، و ئاڵوگۆڕەکانی سووریا دەتوانێ بە چ ئاراستەیەکدا کاریگەری لەسەر دۆزی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دابنێت؟ پێگەی کۆماری ئیسلامی دوای ڕووداوەکانی غەزە، لوبنان و سووریا ئێستا لە عێراق چۆنە و ئایا هاوکێشەیە هەر وەکوو پێشوویە؟، کوردستانی سەربەخۆ لە کوێی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی نوێدا جێ دەگرێت؟ ئەم پرسیارانە تەورەی سەرەکی وتووێژی ئەمجارەیە کە "کوردستان" بۆ وڵامدانەوەیان داوای لە زۆر بەڕێز کاک عیرفان ڕەهمنوون، شرۆڤەکاری سیاسی کردووە تا لەم بارەوە زانیاری زیاترمان پێ بدا.

کاک عیرفان سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیمانەیەدا سەرەتا پێمخۆشە بەم پرسیارە دەست پێ بکەم کە لە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و بە ڕوانینێکی گشتی هەڵسەنگاندنی بەڕێزتان بۆ دۆزی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان چییە؟

دەتوانین بێژین کە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە ئێستادا و بە تایبەت پاش ڕووداوی تێرۆریستیی ٧ی ئۆکتۆبر لە ئیسڕائیل لە قیراناویترین ساتەوەختی مێژوویی خۆیدایە. گۆڕانکاریی گەورە لە ئیسڕائیل، غەززە، لوبنان، یەمەن و سووریە هاتۆتە ئاراوە و پریشکی ئەو گۆڕانکارییانەش بەر عێراق، ئێران و تورکیاش کەوتوون و جارێ سەرەتای ئەم بۆمەلەرزە سیاسییە هەژێنەرەیە و بە دڵنیاییەوە، لێکەوتەی زۆر و پێشبینینەکراوی دیکەیشی دەبێ. کورد لە ڕۆژئاوا پاش ئەم گۆڕانکارییانە بە شێوەیەکی گشتی باش خۆی ڕاگرتووە و سپایەکی بەهێزی هەیە و تا ڕادەیەکی بەرچاویش، پشتیوانیی نێونەتەوەییشی بەدوادا هاتووە. بەڵام دوو مەترسیی گەورەیشی لەسەر ڕێدایە کە یەکیان فاشیزمی مەزهەبیی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی سووریایە کە هیچ مافێک بۆ کورد ناپەژرێنێ و ئەوی دیکە ڕێژیمی داگیرکەری تورکە کە ئەگەر بتوانێ، ڕێگەی هەناسەدانیش لە کورد دادەخات. بەگشتی چارەنووسی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان بەندە بە ئیرادەی هێزە سیاسییەکانی کورد و درێژەی پشتیوانیی نێودەوڵەتییەوە. باشووری کوردستان تا ڕادەیەک جێگیرە، بەڵام دەوڵەتی عێراق بەهۆی گەندەڵی و دەستێوەردانی ئێران، لەژێر مەترسیی هێرشی ئیسڕائیل و تەنانەت ئێرانیش دایە. جارێ ڕوون نییە کە عێراق چارەنووسی خۆی دەبەستێتەوە بە دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانییەوە یان نا. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، هەر گۆڕانکارییەک لە ئێراندا، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر باشووری کوردستان و عێراق دەبێ. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بزووتنەوەیەکی نەتەوەخوازانە و سەروەرییخوازانەی پتەو لە ئارادایە کە لە شۆڕشی ژینادا گەیشتە لووتکە و لە بۆنەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا هەر لە ماکۆوە تا ئیلام و لوڕستانی گرتەوە و سەلماندی کە بزاڤی نەتەوایەتیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە لووتکە دایە و دێر یا زوو بەرهەمەکانی دەردەکەون. دەتوانین بێژین کە ڕێژیمی ئێران لە دوایین قۆناغی تەمەنیدا و یان لەبەرامبەر گوشارەکانی ڕۆژئاوادا پاشکشە دەکات یان گورزی سەربازیی لێدەدرێ. لەهەر دوو حاڵەتدا، پێشبینیی گۆڕانکاریی چارەنووسساز لە ئێراندا دەکرێ.

عیرفان ڕەهنموون

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەستی نەتەوایەتی بەهێزە، لە ڕۆژئاوا بە ڕوویەکی دیکەدا و لە باکوور و باشووری کوردستانیش ئاماژەکان جۆرێکی ترن. بەهێزبوونی هەستی نەتەوایەتی لە گێژاوە سیاسی و ئەمنیەتیییەکانی ئێستای ناوچەکەدا چەندە دەتوانێ لە لە بەرژەوەندیی سەروەریخوازیی کورددا بێت؟

بۆ ئەوەیکە بزانین ماهییەتی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی چییە، دەبێ لێکۆڵینەوە لەو کۆمەڵگەیە بکەین بزانین پێکناکۆکیی سەرەکیی لەو کۆمەڵگەیەدا چيیە. دەبێ بزانین درزی و کەلێنی سەرەکیی لەو کۆمەڵگەیەدا چییە. کوردستان بە هەموو بەشەکانییە جگە لە بەشێک لە باشووری کوردستان، هەمووی داگیرکراوە و سیستەمێکی کۆڵۆنیالیستی لەوێدا جێگیرکراوە. کەواتە لەوێدا پێکناکۆکیی نەتەوایەتیی بوونی هەیە. پێکناکۆکیی نێوان نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی بندەست. لە پێکدادانی نێوان نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی بندەستدا، هەم هەستی ستملێکراوی و هەم هەستی نەتەوایەتیی لە ناو ئەندامانی نەتەوەی بندەستدا، سەرهەڵدەدات. هەستێک، کە جۆرێک تێگەیشتنە و گرنگییەکی تایبەتی هەیە. هەمیشەیش هەست لە پێش ژیری و ئاوەزەوەیە. بۆیە نەتەوەی بندەست ئەگەر هەستی نەتەوایەتی نەبێ ئیمکانی ڕزگاربوونی نییە. هەربۆیە هەستی نەتەوایەتی یەکەمین چەخماخەیە بۆ ئاگایی نەتەوەیی. بەڵام هەست بە تەنیا هیچ نەتەوەیەکی بندەستی ڕزگار نەکردوە و هەست تەنیا دەستپێکە. هەست دەبێ بەرە و ئاگایی و ئاوەز هەنگاو بنێ و لەچوارچێوەی هەست تێپەڕێ و ببێتە ئاگایی نەتەوایەتی. چونکە ئاگایی نەتەوایەتییە کە بەرنامە و ڕێکاری خەباتکارانە دادەڕێژێ و دەتوانێ نەتەوەی ستملێکراو بە ڕزگاری و ئازادی شاد بکات. بەگشتی هەستی نەتەوایەتی لەناو کورددا تا ڕادەیەک باشە، بەڵام ئاگایی نەتەوایەتی بەڕای من لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا لاوازە.

بە سەرنجدان بە گۆڕینی دێموگرافیی زۆر لە ناوچەکانی کوردستان بەتایبەت لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر دەستی حکوومەتە ناوەندگەراکان و گرینگیی پرسی خاک و حەشیمەت لە یەکلاکردنەوەی هاوکێشە سیاسییەکاندا، خوێندنەوەی ئێوە بۆ کاریگەرییەکانی سیاسەتی تەعریب، تەتریک و تەفریس لە هەموو بەستێنەکانی ژیانی سیاسیی کورددا چییە؟

دەبێ ئەوە بزانین کە دوژمنانی کورد( تورک و عەرەب و فارس ) بۆ ئەوە خاکی ئێمەیان داگیر نەکردوە کە ڕەقیان لە کوردە، بەڵکوو حەزیان لە خاکەکەمانە! کوردستان دەوڵەمەندترین خاکە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چ لە ڕووی کشتوکاڵەوە و چ لە ڕووی ئاژەڵداری و دارستان و سەرچاوە سروشتییەکانەوە. ئێمە زۆرترین زێڕ و نەوت و ئاوی ڕۆژهەڵاتی ناڤینمان هەیە. گۆڕێنی دێموگرافی، بۆ دزینی زیاتری سەرچاوە سروشتییەکانمانە. کورد نابێ سیاسەتی گۆڕینی دێموگرافیا قەبووڵ بکات و کورد گوتەنی « قەرز کۆن دەبێ بەڵام نافەوتێ ». بۆیە کورد هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نییە جگە لەوەی لە دەرفەتی گونجاودا ئەو خاکانە ڕزگار بکات کە دێموگرافیاکەی شێواوە و بەهەر شێوەیەکە دەلوێ دەبێ بیانگێڕێتەوە بۆ سەر خاکی کوردستان.

ڕەخنەگرانی دۆزی کورد دەڵێن ئێستا تەعریبی خۆکرد و خۆویست لە باشووری کوردستان، ڕاهاتن لەگەڵ ئەو دۆخە لە ڕۆژئاوا و جۆرێک بێ‌پلانی لە هەمبەر ئەو سیاسەتەی تاران بەنیسبەت گۆڕانی دێموگرافیی زۆر لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادایە. پێم‌خۆش بوو ڕای ئێوە لە بارەی هۆکارەکان و چەندوچۆنیی ئەو باسەوە بزانم.

پڕۆسەی بە عەرەب‌کردن و بە تورک‌کردن لە باشوور و ڕۆژئاوا و باکوور پاش "سایکس پیکۆ" دەستی پێکرد و سەرەتا کوردیان لە دەریا دابڕی و پاشان ڕوویانکردە ئەو ناوچانەی کە نەوتیان زۆرە. لە ڕۆژهەڵات مێژووی بە تورککردن ٨٠٠ ساڵە درێژەی هەیە. پێش هاتنی مەغولەکان، کوردستان لکابوو بە ناوچەی مازنی و گیلەکەکانەوە. "تەورێز" پێتەختی فەرمانڕەوایانی کوردی "شەدادی" بوو. هۆکاری ئەو دۆخە لاوازی کورد و نەبوونی بزووتنەوەیەکی چەکدارانەی پتەوە کە ڕێگانەدات دێموگرافیای کوردستان بشێوێ. هێزی چەکداری لە نموونەگەلی وادا قسەی یەکەم دەکات و ئەگەر نەتەوەیەک نەتوانێ چەکدارانە بەرەڤانیی لە خۆی بکات، چارەنووسی لەوە باشتر نابێ.

ئاڵوگۆڕەکانی سووریا دەتوانێ بە چ ئاراستەیەکدا کاریگەری لەسەر دۆزی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دابنێت؟

هەرچەند ڕۆژئاوای کوردستان، بچووکترین پارچەی کوردستانە، بەڵام گەیشتنی ئەو پارچەیەی کوردستان بە مافەکانی ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەموو پارچەکانی کوردستان دادەنێ. ڕزگاریی ئەو پارچەیە دەبێتە هۆی ئەوەیکە بۆ یەکەمجار باشووری کوردستان ببێتە دراوسێی دەسەڵاتێکی کوردی. ئەمە ئەوان دەکات بە قووڵایی ستراتییکی یەکتر. ڕۆژئاوا دەبێتە درواسێی باکووری کوردستان و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئەوێ دادەنێ و تورکیە ناچار بە نەرمینواندن لەسەر پرسی کوردستان دەکات. هەروەها کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ڕۆحییەی کوردی ڕۆژهەڵاتیش دادەنێ. ئەم پرسە، پرسی کوردستان لە ئاستی جیهانیدا زۆر دەباتە سەر و دۆزی کورد زیاتر بە جیهان دەناسێنێ.

پێگەی کۆماری ئیسلامی دوای ڕووداوەکانی غەزە، لوبنان و سووریا ئێستا لە عێراق چۆنە و ئایا هاوکێشەیە هەر وەکوو پێشوویە؟

دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی لە پاش ٧ی ئۆکتۆبرەوە لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە لە ٤٦ ساڵی ڕابردوودا. سووریەی لەدەستداوە و ڕێژیمی دژە ئێران لەوێ هاتۆتە سەرکار. حیزبۆڵڵای لوبنان نیوەگیان کراوە و حوسییەکانی یەمەن لەژێر گورزی گراندان. حەشدی شەعبی ناوێرێ پەل ببزوێ. ئێران لەژێر گەمارۆی زۆر توندی ئابووریدا و ئەو ڕێژیمە تەنانەت ناتوانێ ئاو و کارەبای خەڵک دابین بکات. ئێران دوو ڕێگەی لەپێشە یان وتووێژ دەکات و ئاڵای سپی هەڵدەکات یا گورزی گورچک بڕی لێدەدرێ. لە هەر دوو ئەگەرەکەدا، ئیمکانی گۆڕانکاری گرنگی سیاسی بوونی هەیە.

کوردستانی سەربەخۆ لە کوێی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی نوێدا جێ دەگرێت؟

تا ئێستا کوردستانی سەربەخۆ بوونی نییە، بووونەکەی پەیوەندی بە ئیرادەی خەڵکی کوردستانەوە هەیە. بەڵام کوردستانی سەربەخۆ بەپێی زانستی لۆژیک مەحاڵ نییە، بەڵکوو مومکینە. بەپێچەوانەی خەڵکی دیکە کە پێیان وایە ڕەوشی ناوچە و جیهان بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەبار نییە، من پێموایە هێشتا ئەو ئیرادەیە لە خەڵکی کوردستاندا بوونی نییە. ئیرادە لە ئاگاییەوە سەرچاوە دەگرێ. وەک پێشتر باسم کرد، ئاگایی نەتەوایەتی لە ناو خەڵکی کوردستاندا بەگشتی لاوازە. مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ هێزێک لەبەرامبەر ئیرادی نەتەوەکاندا بۆ سەروەریی خۆیان ناتوانێ خۆی ڕابگرێ. دیارە جارێ باس لە سەربەخۆیی پارچەیەکی کوردستانە، چونکە بەداخەوە ئێمە بزووتنەوەیەکمان نییە کە هەوڵی ڕزگارکردنی هەموو کوردستان بدا. کارەساتبارتر لەوە ئەوەیە کە ئێمە گوتاری سەربەخۆییمان نییە و هیچ حیزبێکی گەورەی هیچ پارچەیەکی کوردستان باسی سەربەخۆیی ناکات. جارێ کورد کەوتۆتە شوێنی تراویلکەی ئۆتۆنۆمی و فێدڕالیزم و برایەتی گەلان. ئەگینا چۆن نەتەوەیەکی ٧٠ میلیۆنی ناتوانێ سەربەخۆ و سەروەر بێ؟

چەک، ئابووری، یان دیپلۆماسی کامیان دەتوانن دەوری سەرەکی لە گۆڕینی ستاتوی کورددا ببینن؟

هەم چەک، هەم دیپلۆماسی و هەم سەرمایە بۆ کاری سیاسی گرنگن. بۆ نەتەوەیەکی بندەست چەک گرنگترین کەرەستەیە. نەتەوەی بندەست خاکەکەی بە چەک داگیر کراوە، دیارە تەنیا بە چەکیش ڕزگار دەبێ. دیپلۆماسی تا ئێستا و تەنانەت لە ئەورووپایشدا نەیتوانیوە، پرسی نەتەوایەتی چارەسەر بکات. ئەوە باسک و ئەوە کاتالان و ئەوەش ئیسکاتلەند. دیپلۆماسی بێ بوونی خەباتی چەکداری مانای نییە. دیپلۆماسی واتە دان و ستاندن. بێ چەک چی دەتوانی پێشکەش بکەیت و چی دەتوانی وەرگری. مەبەستی من لەچەک تەنیا کلاشینکۆف نییە، چەکێکە کە بتوانێ هاوسەنگیی هێز لە ماوەیەکی دیاریکراودا لە بەرژەوەندی کورد بگۆڕێ.

کاک عیرفان سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیمانەیەدا و ماندووش نەبن

سپاس بۆ ئێوەش هاوڕێیانی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماندوو نەبنەوە.