کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وال‌ستریت ژوورناڵ: ئیمارات لە شەڕی دژی کۆماری ئیسلامیدا دەیان هێرشی ئاسمانیی ئەنجام داوە

09:11 - 9 جۆزەردان 2726

ڕۆژنامەی "وال‌ستریت ژوورناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە دەوڵەتی ئیمارات لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە، دەیان هێرشی ئاسمانیی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام داوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە، ئەم هێرشە ئاسمانییانە تەنانەت تا ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە مانگی ئەپریلی ڕابردووشدا بەردەوام بوون.

وال‌ستریت ژوورناڵ لە زمانی سەرچاوە ئاگادارەکانەوە نووسیویەتی کە ئەم زانیارییانە نیشان دەدەن بەشداریی ئیمارات لە هەڵمەتی ئاسمانیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی، زۆر قووڵتر و بەربڵاوتر بووە لەوەی کە پێشتر باس کرابوو.

ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە جەختی کردووەتەوە کە گەورەیی و چڕیی ئەم هێرشانە نیشانەی تێڕوانینی نوێی ئیماراتە بۆ پاراستنی ئەو شتەی کە وەک بەرژەوەندیی ستراتێژیی خۆی پێناسەی دەکات.

ئەم هەڵوێستە سەربازییە هاوکات جیاوازیی ڕوونی سیاسەتی ئەبووزەبی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەی کەنداو نیشان دەدات؛ چونکە وڵاتانی تری دراوسێ لە هەمبەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا، سیاسەتێکی پارێزراو و بەوریا تریان گرتووەتە پێش.