کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پڕۆژەی شەمەندەفەری کرماشان پاش ١٤ ساڵ لە دەسپێکی هێشتا بە ئاکام نەگەیشتووە

20:19 - 21 خاکەلێوه 2725

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی شەمەندەفەری کرماشان لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا ڕایگەیاندووە کە پڕۆژەی قەتاری نێو شاری کرماشان پاش ١٤ ساڵ لە دەسپێکی، تەنیا ٦٠ لە سەدی قۆناغی یەکەمی جێبەجێ کراوە.

ئیسنا لە زاری مێهدی غوڵامڕەزاییەوە سەبارەت بە دوایین دۆخی پڕۆژەکە نووسی: "تاکوو ئیستا تەنیا ٦٠ لە سەدی قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیە کە لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوییەوە دەستی پێ کردووە، جێبەجی کراوە و شارەداریی کرماشان لەهەوڵدایە تاکوو بەردەوام بوودجە بۆ پڕۆژەکە دابین بکات".

غوڵامڕەزایی لە پێوەندیی لەگەڵ دواکەوتنی چەند ساڵەی پڕۆژەکە بەم هەواڵدەرییەی ڕاگەیاندووە کە ماوەی ٨ ساڵ ڕەوتی بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکە نزیک لە ڕاوەستان بووە و هیچ هەوڵێک بۆ گەشەکردنی نەدراوە.

ناوبراو زیادی کردووە کە بەئەنجام گەیشتنی قۆناغی یەکەمی ئەم پرۆژەیە ٢٥٠٠ میلیارد تمەن بوودجەی پێویست بووە کە لەم ١٤ ساڵەدا ١٨٠٠ میلیاردی بۆ خەرج کراوە.

پرۆژەی شەمەندەفەری نێوشاری کرماشان سالی ١٣٩٠ دەستی پێ کرد و بڕیار وابوو کە لە ماوەی ٤٢ مانگدا و تاکوو ساڵی ١٣٩٣ قۆناغی یەکەمەکی کۆتایی پێ بێت بەڵام لە ئێستادا و پاش تێپەڕبوونی ١٦٢ مانگ، تاکە کەڵکێک کە بۆ خەڵکی شاری کرماشان بوویەتی چڕکردنەوەی ترافیکەکانی نێو شار بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرپرسی پڕۆژەکە بە ڕوانگەیەکی سەرکەوتووانە باسی لەوە کردووە کە پاش ١٤ ساڵ و هەزاران میلیارد بوودجە و دروستکردنی گرفت و کێشە بۆ خەڵکی شارەکە، ئەگەری هەیە لە ساڵەکانی داهاتوودا تەنیا قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بە ئاکام بگات.

جێی ئاماژەیە کە پڕۆژەکانی ئاوەدانی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەتایبەتی لە کوردستان پشتگوێ خراوە و ئەگەر پڕۆژەیەکیش دەستی پێ کردبێت هاوشێوەی ئەم پڕۆژەیە بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر دوا خراوە یان بەگشتی لەنێو براوە.