کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی مامۆستا عەزیز نێعمەتی (ئاڤاشین)

21:13 - 22 خاکەلێوه 2725

کۆچی دوایی مامۆستا عەزیز نێعمەتی (ئاڤاشین)

 

عەزیز نێعمەتی شاعیر، نووسەر، ڕەخنەگری ئەدەبی و مامۆستای خانەنشین‌کراوی قوتابخانەکانی شنۆ و ورمێ، ڕۆژی هەینی ٢٢ی خاکەلێوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا عەزیزی نێعمەتی ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە ئاوایی کانی‌سپی سەر بە شاری شنۆ و لە ماڵباتی ناسراوی نێعمەتیی ناوچەی دەشتەبێڵ لەدایک بوو. ئەو کە کارناسی باڵای زمانناسیی لە زانکۆی ئەردەبیل وەرگرتبوو، لە قوتابخانەکانی شنۆ و ناوچەکە وانەی زمانی ئینگلیزی دەگوتەوە. بڵاوکردنەوەی وتار و بابەت لە گۆڤاری "سروە"، بەیان"، "مەهاباد"، "ڕۆژانۆ"، "مانێشت" و زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان وەک "ڕامان" و چالاکیی بەردەوام لە ئەنجوومەنەکانی شاری ورمێ بەشێکن لە کارنامەی ئەدەبیی مامۆستا عەزیز نێعمەتی.  بەڕێزیان لە کەسانی دیار و دامەزرێنەری بنکەی ئەحمەدی خانی لە ورمێ بوو.

ئارامی و لەسەرەخۆبوون، دڵ‌ئاوەڵایی، زانایی و نیشتمان‌پەروەری لە تایبەتمەندییە بەرزەکانی "ئاڤاشین" بوو کە ئەوی بە تایبەت لە ناوچەکانی شنۆ، مەرگەوەڕ، تەرگەوەڕ و ورمێ خۆشەویستی خەڵک کردبوو. مامۆستا عەزیز یەک لەو کەسایەتییە زانا و دیار و ئازایانە بوو کە بەردەوام بۆ فێرکردن و هاندانی لاوانی ناوچەکانی شنۆ و ورمێ هەوڵی دەدا و وانەی کوردایەتی و نیشتمان‌پەروەری دەگوتەوە.

"ئانتۆلۆژیی چیرۆکە کوردییەکان"، "بزووتنەوەی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری"، "بیرەوەرییەکانی ڕەفیق حیلمی"، وەرگێڕانی سێ کۆمەڵە شێعر و چیرۆک بە ناوەکانی "دادگا" و "لوقمەی شەکەری" و "سبەی بەهار پێدەکەنێ" و وەرگێڕانی شانۆنامەی کلاسیکی "مده‌آ» و دوو دیوانی شێعر بەشێک لە کارنامەی ژیانی ئەدەبیی مامۆستا عەزیز نێعمەتی بوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کۆچی دوایی مامۆستا عەزیز نێعمەتی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری، بەتایبەت کۆمەڵگەی ئەدەبیی کوردستان دەکات.