
بەپێی ڕاپۆرتی ''تایمز''ی لەندەن، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ یەکەمین جار مووشەکی دوورمەودای هێزەکانی لە عێراق دابین کردووە.
ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوە کردووە کە گواستنەوەی ئەو هاژەکانەی کە حەفتەی ڕابردوو ڕووی دا، ئاستی گرژییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر دەکات، بە تایبەت کە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە نوێنەرانی تاران و واشنگتۆن بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نوێ و هەروەها تاوتوێی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا لە عومان کۆ ببنەوە.
ڕۆژنامەی تایمز ئەم هەواڵەی لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکان کە چاودێریی سنووری نێوان ئێران و عێراق دەکەن، بڵاو کردەوە. سەرچاوەیەکی هەواڵگری بەو بڵاوکراوە بریتانیاییەی ڕاگەیاندووە کە ئەم مووشەکانە لەم دواییانەدا گواستراونەتەوە بۆ عێراق، هەروەها تاران لەو هەوڵەی خۆیدا مۆدێلی نوێی هاژەکی بالستیکی بۆ میلیشیا شیعەکانی عێراق دابین کردووە.
دوای ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە و سەرکوتکردنی هێزەکانی حیزبوڵڵا و حەماس، تاکە هاوپەیمان و هێزە میلیشیاکان کە بۆ ڕێژێمی ئێران ماونەتەوە، حوسییەکان و میلیشیا شیعەکانی عێراقن.
هێزی هەوا و فەزای سپای پاسداران ئەرکی گواستنەوەی هاژەکەکانی بۆ عێراق لەسەر شان بووە. ئەم هاژەکانە کە بریتین لە هاژەکی زەوی بۆ زەوی و هەروەها هاژەکی کرووزی "قودس ٣٥١" و هاژەکی دوورمەودای "جەمەل ٦٩"، دەتوانن خاکی ئورووپاش بکەنە ئامانج.
سەرچاوەیەکی هەواڵگری ئەو کارەی تارانی بە نائومێدی وەسف کرد کە هاوکات سەقامگیری و ئەمنییەتی عێراق دەخاتە مەترسییەوە.