کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەگەر وتووێژەکان بە ئامانج نەگات، بە ڕێبەرایەتیی ئیسرائیل هێرش دەکرێتە سەر ئێران

11:11 - 23 خاکەلێوه 2725

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خاکەلێوە لە پرێس کۆنفراسێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە ئامانج نەگات ، بە ئەگەری زۆرەوە هێرش دەکرێتە سەر ئێران.

سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ هەواڵنێرانی زیاد کردووە کە ئەگەر بە پێویستی بزانن ئەوە لە هێز کەڵک وەردەگرن و هەروەها جەختی کردووەتەوە کە لەم هەوڵەدا ئیسرائیل ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و هەروەها ڕێبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکە دەگرێتە دەست.

سەرۆکانی ئەمریکا و ئیسرائیل حەفتەی ڕابردوو دوایین چاوپێکەوتنیان پێش لە دەسپێکی وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەنجام دا.

لە دوای چاوپێکەوتنەکە بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هۆشداری دا کە ئەگەر وتووێژەکان درێژە بکێشن، هێرش دەکەنە سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران.

ئیسرائیل خوازیاری لابردنی بەرنامە ئەتۆمییەکانی تاران هاوشێوەی لەنێوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکانی لیبی لە ساڵی ٢٠٠٣یە، کاتێ کە موعەممەر قەزافی، دیکتاتۆری پێشووی ئەم وڵاتە لە سەر کار بوو.

سەرچاوەیەکی ڕۆژاوایی ڕایگەیاندووە کە ترامپ لەم چاوپێکەوتنەدا بە نێتانیاهووی ڕاگەیاندووە کە ئەگەری هەیە مۆدێلی لیبی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمیی ئێران لەبەر دەستدا نەبێت.

ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی و پاش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، موعەممەر قەزافی لە ئاکامدا ملکەچی داخوازییەکانی ئەمریکا بۆ لەنێوبردنی هەمووی بەرنامە ئەتۆمییەکانی لیبی بوو.

ئۆرانیۆمی پیتێندراوی لیبی ڕادەستی ڕووسیە کرا و هەموو کەرەستە و بنکە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە تەقێندرایەوە و لەنێو برا.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و بەرپرسی شاندی کۆماری ئیسلامی بۆ وتووێژەکان، ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل و ئەمریکا مەگەر بە خەون بیبینن کە ئێران مۆدێلی هاوشێوەی لیبی بۆ لابردنی بەرنامە ئەتۆمییەکانی قەبووڵ بکات.