
چالاکانی مافی مرۆڤ له ئێران‌دا ڕایانگه‌یاندووه که له ماوه‌ی که‌متر له یه‌ک حه‌فته‌دا لانیکه‌م ٢٨ که‌س له سێداره دراون و له‌و ڕێژه‌یه‌دا ٥ که‌سیان کەیسی سیاسی و ئه‌منییه‌تییان هەبووە.
هه‌واڵده‌ریی "هێرانا" که سه‌ر به چالاکانی مافی مرۆیی ئێرانه له ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کرده‌وه که له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا جێبه‌جێکردنی سزای له‌سێداره‌دانی به‌ندکراوان له ئێران‌دا به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ڕووی له هه‌ڵکشان بووه.
به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی "هێرانا" له ماوه‌ی ٥ ڕۆژی سه‌ره‌تای حه‌فته‌ی ڕابردوودا ٢٦ به‌ندکراو له به‌ندیخانه‌کانی قزڵحه‌ساری که‌ره‌ج، شیراز، کرماشان، گوناباد، شاهروود، وکیل ئابادی مه‌شهه‌د، ئه‌لیگووده‌رز، بۆکان، دێزفوول، قوم، زه‌نجان و سپیداری ئه‌هواز له سێداره دراون و به شێوه‌ی نێونجی زیاتر له ٥ که‌س له ڕۆژێکدا له سێداره دراون.
به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته له نێوان ئه‌و به‌ندیخانانه‌دا، لە به‌ندیخانه‌ی وه‌کیل ئابادی مه‌شهه‌د له ڕۆژێکدا لانیکه‌م ١٠ به‌ندکراو که ٣ که‌سیان ژن بوون له سێداره دراون که ئه‌وه‌ش زۆرترین ڕێژه‌ی تۆمارکراو له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوویە.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا کاناڵی حاڵ وه‌ش که هه‌واڵه‌کانی پێوه‌ندیدار به به‌لووچه‌کان بڵاو ده‌کاته‌وه ڕایگەیاندووە که ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٢١ی خاکه‌لێوه دوو به‌ندکراوی به‌لووچ له به‌ندیخانه‌ی ئێرانشاردا له سێداره دراون.