
دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی بەم زووانە دەیهەوێت حوکمی بڕینی قامکی سێ بەندکراوی بەندیخانەی ورمێ جێبەجێ بکات، حوکمێک کە چاوەدێری مافی مرۆڤ بە نموونەیەکی ڕوونی ئەشکەنجەدان ناوی بردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، ڕۆژی ٢٣ی خاکەلێوە نووسینگەی جێبەجێکردنی حوکمەکانی زیندانی ورمێ، هادی ڕۆستەمی تەمەن ٣٨ ساڵ، مێهدی شەریفیان تەمەن ٤٢ ساڵ و مێهدی شاهیوەند تەمەن ٢٩ ساڵی ئاگادار کردووەتەوە کە بەم زووانە حوکمی بڕینی چوار قامکی دەستی ڕاستیان بەڕێوە دەچێ. ئەم کەسانە ٨ ساڵ لەمەوبەر دەسبەسەر کراون.
ڕێکخرای چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ هۆشداری داوە کە جێبەجێکردنی ئەو جۆرە سزا نامرۆڤانەیە پێشێلکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانە و داوای کردووە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ ڕاگرتنی ئەو سزایە هەوڵی خێرا بگردرێتە بەر.
چاوەدێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە دادگاییکردنی ئەم بەندکراوانە نادادپەروەرانە بووە، تۆمەتباران لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا دەستیان بە پارێزەر نەگەیشتووە و تەنیا دوو جار لەگەڵ پارێزەرێک کۆ بوونەتەوە. هەروەها ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ئەشکەنجە دراون و هەڵسوکەوتی خراپیان لەگەڵ کراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هێزەکانی ڕێژیم بە لێدان و قامچی و هەڵواسینی دەستەکانیان، تۆمەتبارانیان ناچار کردووە دان بە تاوانی خۆیان و یەکتردا بنێن. دواتر ئەم دانپێدانانە لەلایەن تۆمەتبارانەوە پاشەکشەیان پێ کرا، بەڵام دادگا هەر لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانە بڕیاری دەر کردووە.