کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمبوونەوەی ڕێژەی کار و بێهیوایی حەشیمەتی خوازیارانی کار لە ئێران

12:24 - 23 خاکەلێوه 2725

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم ڕێژەی بێکاری لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٣دا گەیشتووەتە ژێر ٨ لە سەد کە ئەمە بەو واتایەیە کە ڕێژەی بێکاری لە ئێران کەمی کردووە، بەڵام بە سەرنجێکی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران دەردەکەوێت کە بە کەمبوونەوەی هێزی کار و هەروەها کەمبوونەوەی ڕێژەی کار، ئەم دابەزینە لە ڕێژەی بێکاراندا هاتووەتە ئاراوە.

 

ناوەندی ئاماری ئێران لە ڕاپۆرتی وەزرانەی خۆیدا لە زستانی ساڵی ١٤٠٣، ڕێژەی حەشیمەتی چالاکی ٢٦ میلیۆن و ٣٤١ کەس ڕاگەیاندبوو کە بە بەراورد لەگەڵ زستانی ساڵێک پێشووتر، دابەزینێکی زیاتر لە ١٢١ هەزار کەسیی بە خۆیەوە بینیوە.

ئەم ئامارە بەو واتایەیە کە زیاتر لە ١٢١ هەزار کەس کە خوازیاری کار لە ئێراندا بوون، بە تەواوی لە بازاڕی کار چوونەتە دەرەوە.

هەر بەپێی ئامارەکانی ئەم ناوەندە لە ساڵی ١٤٠٣ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٤٠٢، حەشیمەتی گەیشتوو بە تەمەنی کارکردن ٧٩١ هەزار کەس زیادی کردووە بەڵام تەنیا ١٠١ هەزار کەس لەم حەشیمەتە توانیویانە بچنە سەر کار.

ئەم ئامارانەی ناوەندی ئاماری ئێران بەو واتایەیە کە ئیدعای ڕێژیم سەبارەت بە دابەزینی ڕێژەی بێکاری بەتەواوی دوورە لە ڕاستی و هۆکارەکەی تەنیا بێهیوایی بۆ دۆزینەوەی کار و هەروەها کەمبوونەوەی ڕێژەی کار لە ئێرانە.

جیا لە بابەتی ڕێژەی بێکاری، بابەتی ناهاوسەنگیی ڕەگەزی لە بازاڕی کاری ئێراندا بەرچاوە، بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٣دا حەشیمەتی چالاکی ژنان زیاتر لە ٤ میلیۆن کەس بووە لەکاتێکدا کە زیاتر لە ٢٢ میلیۆن پیاو کاریان هەبووە یان خوازیاری کارکردن بوون و بەم پێیە ڕێژەی دامەزراوانی پیاو زیاتر لە ٥ ئەوەندەی ژنان لە ئێرانە.