
دوورترین دەریا
هێمن مەردانی
ئەو دەریایەی لێی تێپەڕیم
ئیتر لە ناو نەخشەکانا نییە
ئاوەکەی، جەوهەری فەرامۆشی و پێڵەکانی
وەک سێبەر ناوم دەسڕنەوە
کوردستان
لە پاش ئاسۆ نەبانەکان
وەک ڕەنگدانەوەی ئێواران لە سەر جامێکی شکاو،
نیوە ڕوون، نیوە بزر،
لەناو باکانی بێ وڵاتیی دەسووڕێتەوە
و یارم
بە دەم ئەو کانییەی کە بۆ لای من نایەت
چاو لە ڕێی ئەو ئاوەی ناگەڕێتەوە
دەستەکانی بە داوێنی غەزەلەوە
بەڵام هیچ قافیەیێک من ناگەیێنە ئەو
بایەکان، کە ڕۆژێ پرچیان دەلاواندەوە،
ئێستە، تۆزیی نامۆیی دەپڕژێننە سەر شانم
و کۆڵانەکان کە ناوی منیان نارە نارە دەکرد
ڕۆچوونەتە ناو خەوێکی قووڵی بێ کەسیی
ئاخ، ئەی دوورترینی دەریاکان
خۆزگە شەپۆلەکانت
منیان ئەبردەوە بۆ ئەو کەنارەی جێم هێشتووە
تاکوو ناوی خۆم ببیسم لەو
زوبانەی هێشتا بۆنی یاری لێدێ
مارسی ٢٠٢٥