کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزب لە سەردەشت

10:42 - 24 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، کاک عەبدوڵڵا بناوەیی پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و خەڵکی گوندی بناوێ لە ناوچەی سەردەشت، بە هۆی ڕاوەستانی دڵ کۆچی دوایی کرد.

کاک عەبدوڵا بناوەیی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی ئاخوندی هاتە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بوو بە پێشمەرگەی هێزی گیاڕەنگ و شەهید موعینیی ئەوکات.

ناوبراو هەتا ساڵی ١٣٦٤ لە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبدا بەوپەڕی ئازایەتیی و دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی پێشمەرگایەتیی خۆی بەجێ گەیاند.

لە ساڵی  ١٣٦٥ بەهۆی دەستکورتی بنەماڵەکەی و بە ئاگاداریی حیزب گەڕایەوە زێدی خۆی لە گوندی بناوێ.

کاک عەبدوڵڵا  لەو ماوەیەشدا کە گەڕایەوە زێدی خۆی، وێڕای کێشە و ئاستەنگەکانی ژیان و کاری تاقەتپڕووکێنی ڕۆژگار بۆ پەیداکردنی نان و ئاوێکی سەربەرزانە بۆ بنەماڵەکەی، هیچکات شۆڕش و خەباتی گەلەکەی خۆی لە بیر نەکرد و بەپێی توانای خۆی خزمەتی بە دۆزی ڕەوای گەلەکەی کرد.

ئاواتی گەورەی کاک عەبدوڵڵا وەک هەموو دڵسۆزانی گەلەکەی سەرکەوتنی خەبات و وەدیهاتنی ئامانجەکانی بوو، کە بەداخەوە مەرگ مۆڵەتی پێ نەدا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.