کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن کۆگاکانی چەکوچۆڵی حوسییەکان کرانە ئامانج

10:46 - 24 خاکەلێوه 2725

لە درێژەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی حوسییەکان لە یەمەن، ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بنکەکانی ئەم گرووپەیان لە پارێزگاکانی بەیزا، سەعدە، ئەلحودەیدە و مارب کردە ئامانج.

بەپێی سەرچاوەکانی ئەلعەرەبیە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا کۆگاکانی چەکی حوسییەکانی لە دامەزراوەی تکنیکیی پارێزگای بەیزا کردووەتە ئامانج.

هەروەها فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا سێ هێرشی ئاسمانیی دیکەیان بۆ سەر کۆگاکانی چەکوچۆڵی حوسییەکان لە ناوچەی ئاڵ سالم لە پارێزگای سەعدە ئەنجام دا و لە هێرشێکی دیکەدا بنکەی حوسییەکانیان لە ناوچەی ئەلمونەیرە لە باکووری پارێزگای ئەلحودەیدە کردە ئامانج.

هەروەها سێ هێرشی ئاسمانیی دیکە بۆ سەر کەمپێکی حوسییەکان لە ناوچەی مەکیراس لە پارێزگای بەیزا ئەنجام درا.

بەپێی سەرچاوەکانی ئەلعەرەبیە، ٩ هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا کۆگاکانی چەکوچۆڵی حوسییەکانی لە ناوچەی سرواح کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای مارب، کردووەتە ئامانج.

لە ناوەڕاستی مانگی مارسی ساڵی ٢٠٢٥، حوسییەکان ڕایانگەیاند کە هێرشە دەریاییەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەست پێ کردووەتەوە. بە وتەی ئەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ئەم هێرشانە ''بە هاوسۆزی لەگەڵ غەززە" دوای وەستانی چەند مانگێک ئەنجام دەدرێن.

لە بەرامبەردا ئەمریکاش لە ١٥ی مارسەوە جارێکی دیکە هێرشی ئاسمانیی بەربڵاوی بۆ سەر چەند پارێزگایەکی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە باکوور و ڕۆژاوای یەمەن دەست پێ کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە بەرامبەر هەڕەشەکان بۆ سەر ئەمنییەت و تەندروستیی کەشتییە دەریاییەکان پاشەکشە ناکات.