
بەپێی ڕاپۆرتی حاڵ وەش لانیکەم ١٥ هاووڵاتیی بەلووچ کە ناسنامەیان نییە و چواریان ژنن، لە ناوچەی لادیز لە شاری میرجاوە، بە شێوەی توندوتیژانە بە بیانووی ئەوەی کە هاووڵاتیی ئەفغانستانین، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
حاڵ وەش ڕایگەیاندووە کە : لانیکەم پێنج ماشین لە هێزەکانی ڕێژیم، نزیک کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ چوونەتە ناو چەند گوندێکی ناحیەی لادیز و بە بێ ئەوەی ڕوونکردنەوەیەک بدەن، لانیکەم ١٥ کەسیان بە تۆمەتی نەبوونی ناسنامە و بیانی بوون دەسبەسەر کردووە.
زۆربەی ئەوانەی دەسبەسەر کراون خەڵکی ڕەسەن و بە ڕەچەڵەک خەڵکی هەمان گوندن و ساڵانێکە لە هەمان ناوچەدا دەژین، و مامەڵەی هێزەکانی ڕێژیم لەگەڵیان نیگەرانییەکی بەرفراوانی لای خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە.
حاڵ وەش ڕایگەیاندووە کە هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن و دۆخیان دوایی دەسبەسەرکردنیان لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە پێوەندیدارەکان هیچ وڵامێکیان نادەنەوە.
لەم ساڵانەی دواییدا چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی بەلووچ، تەنانەت ئەوانەی کە ناسنامەیان هەبووە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بڵاو کراونەتەوە، و ئەمەش نیگەرانیی هاووڵاتییانی بەلووچی لەبارەی هەڵاواردن و مامەڵەی نایاسایی ڕێژیم لەگەڵیان زیاتر کردووە.