
لە دوای تەواوبوونی وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە عومان، هەر دوو لایەن لە سەر ئەرێنیبوونی ڕەوتی وتووێژەکەی ڕۆژی ڕابردوو جەختیان کردەوە.
ڕۆژی ڕابردوو ٢٣ی خاکەلێوە یەکەمین دانیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەت، پێتەختی عومان کۆتایی پێ هات.
بەپێی زانیارییە گشتییەکان لەم وتووێژە، یەکەمین چاوپێکەوتن کە ڕۆژی ڕابردوو بەڕێوە چووە، زیاتر لەو پێوەندییەدا بووە کە بە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکانی تاران کۆمەڵێک لە گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر کۆماری ئیسلامی لا ببرێت و ئاڵوگۆڕ بە بەندکراوانی دوو لایەن بکرێت.
بریارە کە شەممەی حەفتەی داهاتوو دوویەمین دانیشتنی نێوان دوو لایەن بەڕێوە بچێت.
بەڵام لە یەکەمین کاردانەوەکانی دوو لایەن سەبارەت بە وتووێژەکانی ڕۆژی ڕابردوو، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە کەشی وتووێژەکە بە باشی دەچێتە پێش.
ترامپ زیادی کردووە کە هیچ بابەتێک تا کۆتاییهاتنی پرۆسەکە گرینگ نییە و بۆیە حەزی لێ نییە زانیارییەک لەوە زیاتر بخاتە ڕوو.
لەلایەکی دیکەوە یەکەمین کاردانەوەکان بە وتووێژەکە لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە جیاوازتر بوو، بە شێوەیەک کە هاوکات لەگەڵ پێشوازیکردن لە وتووێژەکان، بەرە توندئاژۆکانی ڕێژیم کاردانەویەکی توندیان بەنیسبەت وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکا هەبووە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاندووە کە دانیشتنی یەکەمی لەگەڵ نوێنەری ئەمریکا بە باشی چووەتە پێش و دوو لایەن پێبەندیی خۆیان بۆ بەردەوامبوونی ڕەوتی وتووێژەکە تا گەیشتن بە ڕێککەوتن نیشان داوە.
هاوکات بەرەی توندئاژۆی ڕێژیم کاردانەویەکی توندی بەنیسبەت وتووێژەکان لەگەڵ ئەمریکا نیشان داوە.
مێهدی کووچکزادە، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، سەبارەت بە وتوویژەکەی ڕۆژی ڕابردوو لە کاناڵی تێلێگرامیی خۆیدا نووسی: "ئەمڕۆ بێشەرەفەکان، شەرەفیان کردە قوربانی".
پێشتر خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاندبوو کە وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکا "شەرەفمەندانە" نییە.
هەروەها حەمید ڕەسایی نوێنەرێکی دیکەی مەجلیس و لە کەسایەتییە توندئاژۆکانی دەسەڵات بە ئاماژەدان بە چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆی عێراقچی و ویتکاف لە پەراوێزی دانیشتنەکەی دوێنێدا ڕایگەیاندووە کە ئەم چاوپێکەوتنە نایاسایی و لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی وەزیری دەرەوەیە.
لەم نێوانەدا میدیاکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر هەوڵی ئەویان داوە کە بابەتی ناڕاستەوخۆبوونی وتووێژەکان زەقتر بکەنەوە تاکوو بەم شێوەیە ناڕەزایەتیی توندئاژکانی لایەنگری ڕێژیم بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا کەمتر بکەنەوە.